مێهرەنگ بەلوچ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ کاندید بوو

مێهرەنگ بەلوچ، چالاکوانی مافی مرۆڤ و چالاکی مافی ژنان بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥کاندید کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٦ی ئادار، کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ ڕایگەیاند، مێهرەنگ بەلوچ، چالاکی مافی مرۆڤ و چالاکی مافی ژنان،پێشتر ناوی لە لیستی بی بی سی بۆ ١٠٠ ژنە ئیلهامبەخش و کاریگەرەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤، هەروەها لەلایەن گۆڤاری تایمەوە وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژێردرابوو،مەجارە وەک کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژێردرا.

 

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی یەکێکە لەو پێنج خەڵاتەی کە زانا و پیشەسازی سویدی ئەلفرێد نۆبڵ لە وەسیەتنامەکەیدا لە ساڵی ١٨٩٥ دامەزراندووە بۆ ئەوەی ساڵانە خەڵات بکرێت.

 

ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٠١ەوە ساڵانە دەدرێتە کەسانێک یان ئەو ڕێکخراوانەی کە "گەورەترین یان باشترین هەوڵیان داوە بۆ بەرقەرارکردنی یەکسانی لە نێوان گەلان، بۆ کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییەکان، و بۆ بەڕێوەبردن و پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی".

 

بە پێچەوانەی خەڵاتەکانی تری نۆبڵ کە لە سوید دەبەخشرێن، ئەم خەڵاتە لە ئۆسلۆی وڵاتی نەرویج لەلایەن کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجەوە دەبەخشرێت.

 

تا ئێستا نەرگس محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٣، شیرین عیبادی لە ساڵی ٢٠٢٣، مەلالە یوسفزای لە ساڵی ٢٠١٤، نادیە موراد لە ساڵی ٢٠١٨ ئەم خەڵاتەیان بەدەستهێناوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٤ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە ڕێکخراوی ژاپۆنی نیهۆن هیدێکیۆ، ڕێکخراوەکە لەلایەن ڕزگاربووانی بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناگازاکی دامەزراوە، بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ جیهانێکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و پێشکەشکردنی شایەتحاڵی ڕزگاربووان بۆ وێناکردنی دەرئەنجامە ترسناکەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکانە، ڕێزی لێگیرا.