مەحبوبە شەعبانی ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان دەبێتەوە

لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر زیندانییە ژنەکان، مەحبوبە شەعبانی دوای ئەوەی بە "دوژمنایەتی دژی خودا" تۆمەتبار دەکرێت، ڕووبەڕووی مەترسیی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، مەحبوبە شەعبانی تەمەن ٣٠ ساڵ کە یەکێکە لەو کەسانەی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم دەستگیرکران، ڕووبەڕووی تۆمەتی "دوژمنایەتی دژی خودا" دەبێتەوە، کە تاوانێکە ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەحبوبە لە ٢٢ی شوبات لە شاری مەشهەد، لەبەردەم یانەیەکی وەرزشی، لەلایەن کارمەندانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کراوەو بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان،  بە توندوتیژی دەستگیرکراوە، و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا گیراوە.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو تۆمەتبار کراوە بە هاوکاریکردنی خۆپیشاندەرانی بریندار لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ٨ و ٩ی کانوونی دووەم لە مەشهەد، لەوانە گواستنەوەی بریندارەکان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان.

 

مەحبوبە شەبانی ئێستا لە بەندی ٦ "بەشی ژنان"ی زیندانی وەکیل- ئاباد لە مەشهەد ڕاگیراوە. سەرچاوە نزیکەکان لە دۆسیەکەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی ئەو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی پشتیوانی خێزانەکەی دوای گیان لەدەستدانی دایک و باوکی، ئەمە جگە لەو فشارە ئەمنییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

زیادبوونی مەترسی سزای توند بۆ زیندانیانی ژن لە کاتێکدایە کە پێشتر نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی وەک وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەهناز تەباری هاتۆتە ئاراوە، کە ڕووبەڕووی  سزای توندتر دەبنەوە، لەوانەش سزای لەسێدارەدان.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لە پەرەسەندنی بەکارهێنانی تۆمەتی "دوژمنایەتی لە دژی خودا" لە دژی خۆپیشاندەران، تۆمەتێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ تیشک دەخەنە سەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون، کە زۆرێکیان بەدەست ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی و فشارە ئەمنییەکان و نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەناڵێنن.