ماوەی سێ هەفتەیە هیچ زانیارییەک لە مامۆستایەکی زمانی کوردی نازاندرێت

سەوسەن محەمەد زادە، مامۆستای زمانی کوردی، ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٥ی ئایار، سەوسەن محەمەد زادە، مامۆستای زمانی کوردی لە شەقامێکی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لێیدرا و دەستبەسەر کرا، تا ئێستا بنەماڵە و پارێزەران چاویان پێی نەکەوتووە و وترا سەوسەن محەمەدزادە لە زیندانێکی ئیتڵاعات لە ورمێیە.

 

هەوڵەکانی ئەو بنەماڵەیە سەرکەوتوو نەبوون

 تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لەوەتەی سەوسەن محەمەد زادە دەستبەسەرکراوە، تەنیا جارێک بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کردووە و بە بنەماڵەکەی وتووە کە لە زیندانێکی تاکەکەسی لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێیە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو بنەماڵەیە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان چەند جارێک سەردانی دادگا و ناوەندە ئەمنییەکانی شاری بۆکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێنەگەیشتووە و هەوڵەکانیان بێ ئەنجام ماونەتەوە.

 

سەوسەن محەمەد زادە ماوەی ١٧ ساڵە وانەی زمانی کوردی لە شار و گوندەکاندا دەڵیتەوە، هێزە ئەمنییەکان چەندین جار پەیوەندییان پێوەکردووە و ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.