مەڕاسیمی ناساندن بۆ هەردوو ڕۆمانی " گەردی شاماران" و "خوێندنگەکەی گوڵخەندان" بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین نووسەر و ڕۆشنبیری شارەکە، ناساندن بۆ هەردوو ڕۆمانی " گەردی شاماران" و "خوێندنگەکەی گوڵخەندان"ی نووسەر فەوزیە ساڵح مەنمی، کە لە لایەن ئینستتیوتی نارین چاپکراوە ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەڕتوکخانەی تەوار لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین نووسەر و کەسانی ئەکادیمی ناساندن بۆ پەرتووکی  "گەردی شاماران" و "خوێندنگەی گوڵخەندان" کە لە نووسینی فەوزیە ساڵح مەنمی، نووسەرو چیرۆکنووس کە لە لایەن  ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە، پێشکەشکرا،  کە سەرەتا بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد،  پاشان ژیانامەی ڕۆمانوس فەوزیە خان خوێندرایەوە، ئاماژەبەوەدرا کە نوسەر زیاتر لە ٥۲ بەرهەمی جەخت لەسەر کۆمەڵێک پەیام وپەروەردەی بۆ نەوجەوانان و کچانی گەنج تێدا بەدی دەکرێت، لە هەردوو ڕۆمانەکەدا کارەکتەری سەرەکی لە ژندا خۆی دەبینێتەوە، کچانی گەنج بە مێژووی ژنانی کورد دەناسرێنێت، هەروەها خوێندنەوەی چەندین هۆندراوە مەڕاسیمەکە ئەنجامدرا. 


خەڵف غەفوور، بەڕێوەبەری ئینستتیوتی نارین، باسی لەوەکرد، بڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی نارین زیاتر لە ٧٠ بڵاوکراوە دەبێت، کە لە ناویاندا ڕۆمانووس نوسەری ژن هەردەم ڕۆڵی گرنگی تێدا هەبووە، ئێمە وەک ئینستتیوتی نارین ئامادەی بۆ چاپکردنی نوسینی نوسەرانی ژن دەردەبڕین، ئەم بەرهەمەی ئەمڕۆ کە لە نوسینی ڕۆمانووس فەوزیە ساڵح مەنمییە توانیومانە بە باشترین شێواز بۆ خوێنەرانی ئامادە بکەین، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ئەو نووسەرە خواست. 

 

فەوزیە ساڵح مەنمی، چیرۆک نوس، باس لە هەردوو ڕۆمانی " گەردی شاماران و خوێندنگەی گوڵخەندان "، دەکات، دەڵێت: بۆ نوسینی ڕۆمانەکانم پشت بە ئەفسانەکانی کورد دەبەستم، هەریەک لە ڕۆمانەکانم خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لە پەرتوکخانەی سلێمانیدا، بە فەنتازیای خەیاڵ لە قۆناغی تەمەنی نەوجەوانیدا باس لە ئەفسانەکن دەکات، هەروەها لە گەردی شاماراندا باس لە گەردی شاماران دەکەم، ژنانی گەنج بۆ نوسینەوە و خۆ دۆزینەوەی کولتوریان هاندەدەم، لە ڕێگەی ئەفسانەکانەوە نەوجەوانان پەروەردە و ئاشنای خەبات و شۆڕشی ژنانی کورد دەکەم.  


بەیان ئیبراهیم، نوسەر، بپارچەیەک هۆندراوەی پێشکەش بە ژنانکرد: لە مەڕاسیمەکەد
لێگەڕێن با ژیان سەما بکات......!
کاتێ ژنێک بە پڕچی شنەبا دەنوسێتەوە
لێگەڕێن با بەهار جوانی بنوسێتەوە
کاتێک ژنێک 
سەوزایی بە فلچەی سنەوبەرەکان ڕەنگ دەکات
بێ دەنگ بن و گوێ بگرن 
کاتێک ژنێک بیابانێک 
بە گۆرانی باران پاراو دەکات
بێ دەنگ بن با ژن گۆرانی بڵێ
ڕابوەستن و دەست لەسەر سنگ دانێن
کاتێک ژنانێک بە شەقامەکاندا گوزەر دەکەن
ئەی نابینن دوای ئەوان
شەقامەکان هەڵدەستنە سەرپێ و 
هاوار دەکەن چەند جوانە جێ پێکانیان
چاو دابخەن
تا تێبگەن بێ ژن ژیان چەند ناشیرینە
بێ ژن شیعر ناژی
گۆرانی باڵا ناکات
لێگەڕێن با ژن بە پێنوسی هەڵم
حیکایەتی (ئاو)تان بۆ باس بکات

ئەم خوێنانە ڕاگرن
کە ڕۆژانە لە جەستەی بەهار دەتکێ
کە ئاسمان دێنێتە قسە
چۆن دەبێ لە بەرزاییەکانەوە 
گۆرانی و شیعر بۆ ژن بڵێن
لەپشتەوە پڕ بن لە گۆڕی ژنانی بێ ناونیشان
ئەی ناترسن نیشتمان بتۆرێ 
باران توڕە ببێ و 
بەفر ڕووی خۆی ڕەش بکات. 

 

"پاڵەوانی ناو هەردوو ڕۆمانەکە ژنە" 

فەوزییە ساڵح مەنمی باسی لە نووسینی هەردوو ڕۆمانی " گەردی شاماران و خوێندنگەی گوڵخەندان " دەکات، دەڵێت: لە هەردوو رۆمانەکەدا پاڵەوانی سەرەکی ژنە، تا بە میراسی خۆیاندا ڕۆبچنەوە و ببینن ژنانی کورد هەردەم لە بەرخۆداندا بوون، دەمەوێت ژنانی کورد لە دێرزەمانەوە خەباتیان کردووە، بگەڕێنەوە بۆ پێناسەی ڕاستەقینەی خۆیان ک لە کۆندا خاوەنی ژنانی بەتوانابین، کە لە ئێستادا  ڕۆژانە دوبارە دەبێتەوە لە ناوچەکانی کوردستان، کە خەباتی تێدا دەکرێت، بە نموونە بەرخۆدانی شەرڤانان لە ناوچەکانی بەرخۆدێری، دەجەنگن بۆ خاک و ناویان، لە ناو ڕۆمانەکەدا داوا لە نەوجەوانان دەکەم ڕێچکەی ژنانی بەرخۆدێر بگرن. 

 

فەوزییە ساڵح مەنمی، لە کۆتاییدا وتیشی: داوا لە نەوەی نوێی کورد دەکەم ئەوەندەی کاتەکانیان بە بەکارهێنانی شاشەی ئەلکترۆنییەوە بەسەر دەبەن، بگەڕێنەوە بۆ خوێندنەوەی پەڕتووکەکان و سەردانی پەڕتوکخانەکان بکەن، تا کەسایەتیان لە وڵاتەکەیاندا دروستبکەن، بەردەوام لسەر مێژووی وڵاتەکەیان بخوێننەوە، تا بزاننژنان چ ڕۆڵێکیان لە بەرخۆدانی وڵاتدا هەبووە، تا بزاندرێت داگیرکەر چۆن هەوڵی لەناوبردنی کورد و ژنانی کوردی داوە، کە داگیرکەر هەوڵی بۆ بونیادنانی نەوەیەکی بێ زانیاری داوە.