ماردین موحسین: ئابووری سەربەخۆ ھۆکارێکە بۆکەمبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کێشەکۆمەڵایەتییەکان
ماردین موحسین:ئابووریی سەربەخۆ بۆ ژنان زۆر گرنگە؛ چونکە دەیانپارێزێت لە توندوتیژیی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگەیان پێدەدات سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، بەتایبەت بۆ ژنانی باشوور کە بەهۆی چەندین ڕێگرەوە ناتوانن بە ئاسانی بڕیاری ئازادانەی خۆیان بدەن.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی -کارکردنی ژنان هۆکارێکە بۆ دروستبوونی هاوسەنگی لە نێوان ژنان و پیاوان لە بازاڕی کاردا. ئەگەر ژنان لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن و تەنها چاوەڕوانی دامەزراندنی کەرتی حکومی نەکەن، دەبنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان. ئەمەش تێکەڵاوبوونی ژنان بە کۆمەڵگە و دنیای دەرەوە زیاتر دەکات، چاوکراوەیان دەکات بۆ باشترکردنی کارەکانیان، و لە ڕووی دەروونییشەوە هەست بە ئارامیی زیاتر دەکەن.
هاوکات، کارکردنی ژنان هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان؛ چونکە ئابووریی سەربەخۆ تاکە چەکە بۆ ژن تا بتوانێت مافەکانی بەدەستبهێنێت و بیپارێزێت. ئەو ژنانەی خاوەن ئابووریی سەربەخۆن، هێز و کاریگەرییان لەسەر خێزان و کۆمەڵگە زیاترە، و متمانەیەکی زۆریان بە خود، کار و هەنگاوەکانیان هەیە بۆ پێشخستنی پیشەکەیان.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئێستا ئابووریی ژنان سەربەخۆ نییە
ماردین موحسین فەرەج، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکەمان وتی: ئابووریی سەربەخۆ واتە هەر ژنێک بتوانێت داهاتێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و پاشەکەوتی لێ بکات، تا لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بێت. دیارە لە پشتی ئابووریی سەربەخۆوە کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و دامەزراوەیی هەن. کاتێک ژنێک خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ بێت، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، زۆر ئازایانە دەتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە و لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە.
ماردین موحسین وتی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئێستا ئابووریی ژنان سەربەخۆ نییە و ئەمەش وابەستەی کۆمەڵێک هۆکارە؛ یەکێک لە ڕێگرە قورسەکان کە ژنان ناتوانن لە ژێر باری ڕزگاریان بێت، پێکهاتووە لە هۆکارە ئابووری، ئاینی و ڕۆشنبیرییەکان. بۆیە زۆر گرنگە ژنان خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ بن تا لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لە توندوتیژی دوور بن و سەربەخۆیانە بڕیار بدەن.
دابونەریت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژنانی خاوەن ئابووری هەیە
ماردین موحسین وتی: کاتێک باس لە ئابووریی سەربەخۆی ژنان دەکەین، دەبێت ژن خاوەنی بڕیاری دروست و سەربەخۆش بێت. ژنانی باشووری کوردستان بەهۆی کۆمەڵێک ڕێگرەوە ناتوانن تەواو سەربەخۆ بن، بۆیە گرنگە لە پاڵ داهاتدا، بتوانن سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، لە کێشەکانیان دەرباز ببن و چواردەوری کۆمەڵگە کاریگەریی نەرێنییان تێنەکات. ئابووریی سەربەخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی لایەنە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان هەیە تا ژن بتوانێت ڕووبەڕووی کێشەکان و کۆمەڵگە ببێتەوە.
ماردین موحسین وتی: لە بابەتی ئابووریی سەربەخۆدا دوو خاڵی گرنگ هەن: یەکەم، مافی ژن لە کۆمەڵگەدا تا چەند بە پارێزراوی و پیرۆزی سەیری دەکرێت؟ دووەم، مافەکانی لە ڕووی دامەزراوەییەوە چۆنە؟ ئەگەر ئەم دوو مافە بە ڕوونی لە کۆمەڵگەدا دیار بن، هەر ژنێک ئابووریی سەربەخۆی هەبێت دەتوانێت بڕیاری ئازاد بدات. بەڵام لە دیوەکەی تریدا، ئەگەر ژنێک خاوەن داهات بێت بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا بژیت کە دابونەریتەکەی هاوشێوەی خێزانە باوە کوردییەکان بێت، ئەو داهاتەش ناتوانێت یارمەتی بدات بڕیاری دروست بدات، بەڵکو هەر لە ژێردەستەییدا دەمێنێتەوە و بڕیارێکی پاشکۆیانە دەدات. لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا کە لە ڕووی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە پیاو تێیدا باڵادەستە، ژن بە تەنها بە داهاتەکەی ناتوانێت ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببێتەوە. کاتێک ژنان دەبنە خاوەن ئابووریی سەربەخۆ، پێویستە پیاوان پشتگیرییان بکەن، چونکە زۆرجار کۆمەڵگە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەرکەوتنی تواناکانیان و وادەکات وزەی ژن تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا ون ببێت.
دەبێت ژن مافەکانی خۆی بزانێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە
ماردین موحسین وتی: هەر ژنێک خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ بوو، دەبێت بزانێت ماف و ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگە چییە، و ئەرکی کۆمەڵگەش بەرامبەر ئەو چییە. دەبێت بزانێت لە ڕووی ئاینی و نەتەوەییەوە ئەرک و مافەکانی چین و چۆن دەپارێزرێت. ئەگەر ژن ئەمانە بە دروستی بزانێت، دەتوانێت ڕووبەڕووی ڕێگرییەکانی کۆمەڵگە ببێتەوە. بۆ ئەمەش چەندین نموونەی مێژووییمان هەیە؛ وەک مەلای گەورەی کۆیە کە کاتێک کچەکەی ناردە بەر خوێندن، هەموو کۆمەڵگە دژی وەستایەوە بەڵام ئەو توانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە. هەروەها ژنانی پێشەنگ و بەتوانای وەک عادیلە خانم و حەپسەخانی نەقیب. بۆیە دەبێت ژنان بزانن ماف و ئەرکیان چییە، چونکە تەنهابوونی ئابووریی سەربەخۆ بەس نییە؛ ئەگەر لە ڕوانگەی دەستووری, کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و ئاینییەوە مافەکانی خۆت نەزانیت، ناتوانیت بە سەربەخۆیی بڕیار بدەیت و کۆمەڵگە هەر توندوتیژیت بەرامبەر دەکات.
خۆپڕچەککردن بە یاسا
ماردین موحسین وتی: ژنان بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوتەکانی خۆیان لە هەر قۆناغێکدا بپارێزن (چی لە قۆناغی دایکایەتیدا بێت یان لە کاری سەربەخۆدا)، پێویستە بزانن مافە یاساییەکانیان چین، چۆن مامەڵە لەگەڵ توندوتیژیی خێزانی و ژینگەی چواردەوریان دەکەن، و چۆن وەک خاوەنکارێک هاوسەنگی لە نێوان ئەرکی دایکایەتی و کارەکەیاندا دروست دەکەن. هەر ژنێک ئەم مافانە بزانێت، دەتوانێت ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببێتەوە.
ماردین موحسین وتی: بۆ ئەوەی دارایی ژنان بەردەوام بێت و نەکەونە ژێر ڕکێفی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار، پێویستە ژنان لە ڕووی یاسایی و ڕۆشنبیرییەوە خۆیان پڕچەک بکەن. خۆپڕچەککردن واتە زانینی هەموو ئەو یاسا و دەرچە یاساییانەی کە تایبەتن بە ژنان، هەروەها ناسینی ئەو ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کە پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوی پێشکەش بە ژنان دەکەن.
ژنان و قەیرانەکان
ماردین موحسین وتی: کاتێک کۆمەڵگە ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی دارایی دەبێتەوە (چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت یان دەرەکی)، دەبێت ژنان خۆیان ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. زۆرجار کاتێک قەیرانەکان ڕوودەدەن، یەکەم کەس کە زیانمەند دەبێت و بەرۆکی دەگیرێت ژنە؛ چونکە قەیرانەکان لەسەر ئاستی دەوڵەتن و ڕووبەڕووبوونەوەیان پێویستی بە پاڵپشتیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە.