مانگێکە هیچ هەواڵێک لە ئەندامەکانی ڕژاک نییە

مانگێکی تەواو بەسەر دەستگیرکردنی سێ ئەندامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێک نییە، ڕێگا نادرێت کەس بیانبینێت و ئاسایش دەڵێت ئەوان تاوانیان نییە بەهۆی کێشەی سیاسییەوە دۆسیەکانیان نابرێتە دادگا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی ژنها لە دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک دەستیکەتووە، لەبارەی ئەو سێ ئەندامەی ڕێکخراوەکە کە دەستگیرکراون تا ئێستا سێ پارێزەری جیاواز چوونەتە ئاسایشی پەدەکە، بەڵام ڕێگە نەدراوە بیانبینن و هیچ هەواڵێک لەو سێ ئەندامە نییە.

 

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ژنها، ئێستا ئاسایش پشکنین بۆ ناسنامەی ئەو سێ ژنە دەکات، بەڵام هێشتا دۆسییەکەیان هەر وەک خۆیەتی و هیچی تێدا نەنوسراوە، ئاسایش بە پارێزەرەکانی ڕاگەیاندووە، ئەو سێ ژنە هیچ تاوانێکیان نەکردووە، بابەتەکە تەنها سیاسییە، بۆیە تا ئێستا دۆسیەکە وەک خۆی ماوە و هیچی تێدا نەنوسراوە.

لەبەرامبەردا ئەمە بووەتە جێگەی پرسیار لەلای ڕژاک کە ئاخۆ دۆسیەی سیاسی بۆ سێ ژنی چالاکوانی داکۆکیکار لە مافی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوێکی فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بۆ پشتیوانی ژنانی شەنگال چوونەتە ئەو شارۆچکەیە چیبێت.

 

هەروەها ئاسایش بە پارێزەرەکانی ڕاگەیاندووە، دۆسیەی ئەو سێ ژنە دەنێرنە دادگا، بەڵام لەبارەی کاتی ناردنی دۆسیەکە هیچ زانیارییەکیان پێنەداون.

 

لە ڕۆژی ٥ی ئابەوە سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە ناوەکانی "خەولە محەمەد، جوانا عەبدولباقی، سەیران ئەحمەد" لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە بازگەی کەڵەک دەستگیرکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵیادی هێرشەکانی داعشدا بۆ سەر شەنگال بۆ پاڵپشتی ژنانی شەنگال چوونەتە ئەو شارۆچکەیە.

 

ت.پ