مانگانە زیاتر لە ١٥٠ پەرستاری ژن و پیاو لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن

بە وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای پەرستاری لە ئێران، نەبوونی بژێوی ژیان و فشارەکانی کار کە لە ئەنجامی کەمی هێزی مرۆییەوە سەرهەڵدەدات، لەو هۆکارانەن کە مانگانە لانیکەم ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پەرستار پاڵدەنێن بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی دیکە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرەیدون مورادی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پەرستاری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران، ئاماژەی بەو کێشە و هۆکارانە کرد کە کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی کۆچی پەرستاران هەبووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی باڵای پەرستاری لە ئێران، فشاری کار کە لە ئەنجامی کەمیی توندی کارمەندانی پەرستاری، نەبوونی بژێوی ژیان، جێبەجێنەکردنی دروستی یاسای گومرگی خزمەتگوزارییەکانی پەرستاری، و کاتەکانی زیادە بە مووچەیەکی زۆر کەم لە کێشەکانی بەردەم پەرستارانن کە پاڵیان دەنێت بۆ کۆچکردن .

 

پێویستە بوترێ کە گرنگی نەدان بە پێداویستی و داخوازییەکانی پەرستاران لە کۆمەڵگەی ئێراندا کە دەکرێ بە ئیستغلالکردنی کرێکاران لەم پیشەیەدا ناوی ببەین، چەند ساڵێکە فشاری زیاتری خستۆتە سەر ئەم کۆمەڵە کۆمەڵگەیە و زۆربەیان کۆچکردنیان پێباشترە نەک مانەوە.

 

بەدەر لە کۆچ، هەوڵی خۆکوشتن لە ناو کارمەندانی پزیشکی، پەرستاران و دانیشتووانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە، لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆرێک لە پەرستاران، پسپۆڕان و کارمەندانی پزیشکی بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەڵام حکومەت ئاماری دروست بۆ خۆکوشتنی کارمەندانی پزیشکی ڕاناگەیەنێت، بەڵکو ئامارەکان و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکارەکانیش ڕەتدەکاتەوە، بەبێ گوێدانە ستراتیژی و چارەسەرەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە.