مامۆستایانی ژن: لە خەباتی خۆمان بۆ زمانی کوردی بەردەوام دەبین

مامۆستایانی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیاری ٢٧ی ئاب سەبارەت بە سنووردارکردنی زمانی کوردی دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پەروەردەی خوێندکاران و مافی خوێندن بە زمانی دایک دەبێت.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ – لە قوتابخانەکاندا وانەکانی زمانی کوردی بۆ خوێندکاران تەنها شوێنێکی فێربوون نییە، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. بە بڕیاری ٢٧ی ئاب کە وانەکانی زمانی کوردی سنووردار دەکات، ئەم دەرفەتە کەوتووەتە ناو گفتوگۆی پەروەردەوە، مامۆستایان و خوێندکاران ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن و داوا دەکەن کە فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی فراوان و لەگەڵ پێداویستییەکانی خوێندکاراندا بەردەوام بێت.

 

مامۆستایانی زمانی کوردی، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە بڕیاری ٢٧ی ئاب بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

”گواستنەوە لە کوردییەوە بۆ عەرەبی قورسە”

لیندا خەڵەف، مامۆستا لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بڕیاری ٢٧ی ئاب و وتی: بە هەزاران خوێندکار لە سەرەتاوە تاوەکو گەیشتن بە زانکۆ بە زمانی کوردی خوێندوویانە، بەڵام لە ٢٧ی ئابدا وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی دا کە زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا تەنها سێ وانەبێت، خوێندکاران ئەم بڕیارە قبوڵ ناکەن و وتیان کە بۆ ئەو قوتابیانەی لە سەرەتاوە بە زمانی کوردی خوێندوویانە، گواستنەوە لە کوردییەوە بۆ عەرەبی سەختە، هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە سێ وانە لە هەفتەیەکدا بەس نییە بۆ فێربونی زمانی کوردی.

 

”دەبێت مافی پەروەردە بە زمانی کوردی لە دەستووردا بپارێزرێت”

لیندا خەڵەف، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر زمانی کوردی لە دەستووردا وەکو زمانی دووەم نەناسرێت، خوێندکاران ناتوانن مافی خۆیان لە پەروەردەی زمانی دایکدا بەدەست بهێنن و وتی: پێویستە هەموو خوێندکارێک مافی خۆی لە پەروەردەی زمانی دایکدا بەدەست بهێنێت و بتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت و فێر بێت، دەبێت ئەم مافە بۆ هەموو خوێندکاران بپارێزرێت و ببێتە بنەمای پەروەردەکردنیان.

 

”ئەمە متمانەیان بە پەروەردە بە زمانی دایک کەم دەکاتەوە”

سەمیرا حەسەن، مامۆستا دیاری کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانەوە ئەو مامۆستای زمانی کوردییە و وتی: ئێمە ئەو بڕیارەی کە زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا تەنها سێ وانە بدرێت، هەرگیز قبوڵ ناکەین، چونکە خوێندکارێک لە سەرەتای خوێندنەوە بە زمانی کوردی دەست پێبكات و پاشان ئەم زمانە سنووردار بکرێت، ئەمە متمانەی بە پەروەردەی زمانی دایک کەم دەکاتەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر خوێندکار دەبێت.

 

”زمانی کوردی بە خەبات و خوێنی شەهیدان گەیشتووەتە ئەم ئاستە”

سەمیرا حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم بڕیارە ئەوە دەردەخات کە هەبوون و کولتوور و زانینی گەلی کورد لەبەرچاو ناگیرێت وتی: زمانێک کە بە خەبات و خوێنی شەهیدان گەیشتووەتە ئەم ئاستە، ناتوانێت لە کۆتاییدا تەنها بە سێ وانە سنووردار بکرێت، ئێمە ئەم بڕیارە ڕەت دەکەینەوە و هەرگیز قبوڵی ناکەین، خوێندکاران دەڵێن کە ئەگەر زمانیان سنووردار بکرێت، ئەوا ناتوانن خوێندنی خۆیان بەردەوام بکەن و هەمیشە دژی ئەم بڕیارە دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە.

 

”ئێمە لە خەباتی خۆمان بۆ زمانی کوردی بەردەوام دەبین”

سەمیرا حەسەن، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان دژی هیچ زمانێک نیین و بەم قسانە کۆتایی بە وتەکانی هێنا: بەڵام هەر خوێندکارێک مافی هەیە کە زمانی دایک بە شێوەیەکی فەرمی بخوێنێت و لە تەنیشت ئەوەشەوە زمانی دیکە فێر بێت، بەڵام سنووردارکردنی زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا تەنها بە سێ وانە، ئێمە هەرگیز قبوڵی ناکەین، تاوەکو مافی پەروەردە بە زمانی کوردی لە دەستووردا بپارێزرێت خەباتی ئێمە بەردەوام دەبێت.