مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک گردبوونەوە
بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەریی هەرێمەوە، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک گردبوونەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/12/20241217-karkwkk-jpg3d6b0a-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٧ی کانوونی یەکەم، لە بەردەم یەکەی سەرپەرشتیاری گشتیی شاری کەرکوک، مامۆستایانی خوێندنی کوردی، بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان و دواکەوتنی موچەکانیان بۆ هەفتەی دووەم گردبوونەوەیان ئەنجامداو بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە وەک دەستەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی بە پاڵپشتی ئێوەی ستەملێکراو، ئەم ماوەیە لە گۆڕەپانی خۆپیشاندان بووین، بۆ داواکردنی مافە زەوتکراوەکانمان و چارەسەرکردنی دواخستنی موچە و تەوتین کردنی موچەکانمان لە بانکە فیدڕاڵییەکان و دوای ٧٨ ڕۆژ دەسەڵاتی هەرێمی گەندەڵستان لیستێکی موچەی پڕ شەرمەزاری لەژێر فشاری دارایی عێراقدا بڵاوکردەوە، تیایدا بە ٧ ڕۆژ موچە دابەش دەکات، بۆیە ئاگادارتان دەکەینەوە، کە
یەکەم: خەباتی مەدەنیانەمان بەردەوام دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم.
دووەم: لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا دەکەین بۆ گەیاندنی داواکارییەکانمان بەلایەنی پەیوەندیدار.
سێیەم: مامۆستایان بەپێدانی یەک موچە بێدەنگ نابن و بەردەوام دەبن لەو خەباتەی دەستمان داوەتێ بۆ بەدەستهێنانەوەی موچە دزراوەکانمان.
چوارەم: تەوتین کردنی موچە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
پێنجەم: گواستنەوەی ڕاژەکانمان بۆ سەر حکومەتی ناوەند بەپێی بڕگەی ٢١ لە کارنامەی درووستبوونی حکومەتی سودانی.
سەرکەوتووبێت خەباتی مەدەنی مامۆستایان
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی.
١٧-١٢-٢٠٢٤
٧٨-١٠-٢٠٢٤ بەپێی خشتەی حکومەتی کوردی.