مامۆستایان و خوێندکاران داوای دانپێدانانی دەستووری بە زمانی کوردی دەکەن: زمانەکەمان میراسی شەهیدەکانمانە

مامۆستایان و دەرچوانی کۆلێژی مامۆستایانی حەسەکە داوای خستنەڕووی زمانی کوردییان کرد لە دەستووری سووریا، دەڵێن: بوونی چەند زمانێک لە هەر وڵاتێکدا کێشە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سروشتییە بۆ هەمەجۆریی کۆمەڵایەتییەکەی.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-کاردانەوەکان لە بازنەکانی سووریادا سەبارەت بە پێویستی چەسپاندنی زمانی کوردی لە دەستووردا، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە مێژووییەکانی وڵات، لە نێوان پەرەسەندنی داواکارییەکانی مامۆستایان و خوێندکاران لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان، چڕتر دەبێتەوە.

 

دوای دەیان ساڵ لە دەسەڵاتی بەعس کە یەک زمان و کولتوور و بەڕێوەبەرایەتی ناوەندیی سەپاند، پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا، دوای ١٥ ساڵ خەبات، توانیان بیڕووخێنن، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاتی سووریا زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئەرکەکانی خۆی گرتە ئەستۆ، بەڵام هێشتا بەڕێوبەرایەتیەمە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لە سووریادا بەدی نەهێناوە.

 

پرسی دانپێدانان بە زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ هەموو هاوڵاتییەکی کورد دەمێنێتەوە، لە دیارترین داواکارییەکانە کە هێشتا چارەسەر نەکراون، لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستاو و خوێندکارانی کۆلێژی مەشقی مامۆستایانی حەسەکە لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە بۆچوون و داواکارییەکانیان خستەڕوو، جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە وەک مافێکی بنەڕەتی کردەوە.

 

"شۆڕشەکەمان بۆ زمانەکەمان بوو"

لەیلا دەروێش، مامۆستای زمانی کوردی جەختی لەوە کردەوە، کە داننان بە زمانی کوردی بەردی بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەروەها عەفرین خاکی سووریایە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ داگیری دەکات، کەواتە چی حکومەتی دیمەشق ناچار دەکات ڕێگە بدات زمانی تورکی لەسەر دامەزراوەکانی بەکاربهێنرێت؟ ئێمەش منداڵی ئەم خاکەین، ١٥ ساڵە خەباتێکی بەردەواممان ئەنجامداوە، شۆڕشەکەمان لە پێناوی زمانەکەمان و مافی فێربوون و بەکارهێنانیدا دەستیپێکرد، بۆیە داوا دەکەین زمانی کوردی بخرێتە ناو دەستووری سووریاوە، قوربانییەکی گەورەمان داوە، بۆ هەر پیتێک کە فێری دەبین خوێنی شەهیدەکانمان ڕژاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی کوردی تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو کەرامەت و مێژوو و خودی بوونی گەلی کوردە، هەروەها ئەم زمانە کە هەزاران ساڵە لە میزۆپۆتامیا گەشەی کردووە، ڕووبەڕووی ستەم و نادادپەروەری بووەتەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی سیستەمی یەک ئاڵا و یەک زمان دەستیپێکرد، خەباتیش ساڵانێکە بەردەوامە، بۆیە نابێت ڕژێمی بەعس لە سووریا دووبارە ببێتەوە، دەبێت هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا لە دەستووردا بە ناسنامە و کولتوورەکانیانەوە بناسرێن.

 

"قبووڵکردنی زمانی کوردی مسۆگەرییە بۆ داهاتووی تەواوی نەوەیەک"

ڤیڤیان هەبوا، خوێندکار ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی زمانی کوردی، سیاسەتەکانی بە ئامانجگرتنی ناسنامە و زمانی گەلی کورد لە سووریا جێبەجێ دەکرێن، ئەمڕۆ نەوەیەکی گەورە لەدایک بووە، نەوەیەکی خاوەن زمان و ناسنامە و مێژووی، دانپێدانانی زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ دا٠هاتووی ئەم نەوەیە، بۆیە داوا لە هەموو کوردێک دەکەین زمانی دایکی خۆی لە سیاسەتی نکۆڵی بپارێزێت و بڕژێتە سەر شەقام بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەو کارانە.

 

"ناتوانین بەبێ زمان بژین"

ئاڵا فەواز، خوێندکار  ڕوونی کردەوە، کە زمانی کوردی لە سایەی قوربانیدانی شەهیدان بەرگەی گرتووە، پشتگوێخستنی واتای پشتگوێخستنی تەواوی نەوەیەک بەدرێژایی ساڵان، ئێمە بە خۆشەویستی و ئیرادەیەکەوە پەیوەندیمان بە قوتابخانەکانەوە کرد، و گەیشتینە ئاستێکی بەرزی لێهاتوویی، ئێمە قبوڵی ناکەین کە ساڵانێک لە کار و ماندووبوونمان پشتگوێ بخرێت،زمانەکەمان میراسی شەهیدەکانمانە، ناتوانین بەبێ ئەو بژین.