"مامۆستا جیهان لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە تیرۆر کرا"

بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەها ڕایانگەیاند، ساڵێک تێدەپەڕێت بە سەر یەکێک لە قێزەونترین و دڕندانەترین تاوان، کە ئەویش سووتاندن و تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەهای خەڵکی شاری هەولێرە لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر گیانلەدەستدانی گوماناوی مامۆستای ناڕازیی و بە هەڵوێست مامۆستا جیهان تەها، خانەوادەکەی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە قێزەونترین و دڕندانەترین تاوان لە مێژووی کورد و مێژووی مرۆڤایەتی دا کە ئەویش سوتاندن و ئاگرتێبەردان و تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەهای خەڵکی شاری هەولێرە لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کورد.

 

هەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتی کوردی هاوشێوەی تاوان و تیرۆرەکانی ساڵانی  ڕابردوویان هەوڵی شێواندن و بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی تاوانەکەیان دەدا لە چاوی خەڵک و چاوی میدیاکان، هەوڵیان دەدا ژێر بەژێر لەگەڵ بنەماڵەکەمان وەک و ڕوداوێکی هاتوچۆی ئاسایی کۆنتڕۆڵی بکەن و تێ ی بپەڕێنن .

 

بەڵام خۆشبەختانە بەهەوڵی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و ئازادیخوازان و خەمخۆران بە هۆی هەبوونی ئەزمون و شارەزایەکی زۆر لەگەڵ تاوان و تیرۆرەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی هەر زوو سینارۆی ئەم تاوانە قێزەونەش پوچەڵکرایەوە.

 

تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان لە کاتێک دا بوو کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی چینی مامۆستایان و وانەبێژانی کوردستان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی گرتبوەوە، مامۆستا جیهانیش وەک و نوێنەری وانەبێژانی هەولێر بەشداری چەندین چالاکی و خۆپێشاندان دەکات و لە سێ چاوپێکەوتنی میدیایی دەردەکەوێت کە ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی کورد و وەزارەتی پەروەردە دەگرێت و بە بوکەڵە و بەکارهاتوو و بێدەسەڵات ناویان دەبات و داوادەکات دەست لەکاربکێشنەوە، پاشان  بەرگری لە مافی وانەبێژ و مامۆستایان و هاوکات مافی گەنجان و  خەڵکی فەقیر و هەژاری ووڵاتەکەی دەکات.

 

دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە لەو کات و ساتەدا خۆپێشاندانەکان لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری  نزیکەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت و مامۆستایان و وانەبێژان ناچنە هۆڵەکانی وانە وتنەوە.

 

بە پێچەوانەوە لە دوای تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان بێدەنگیەکی سامناک دەست بەسەر شاری هەولێر و دەوروبەری دا دەگرێت و مامۆستایان و وانەبێژان لەچالاکی و خۆپێشاندان دەوەستن و بە ناچاری دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و وانە وتنەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئامانج لە تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان بێدەنگکردن و کپکردنی چالاکی و خۆپێشاندانەکانی مامۆستایان و وانەبێژانی سنوری هەولێر و خەڵکی شاری هەولێربوو.

هاوکات بەلاڕێدابردنی تاوان و ڕوداوی تیرۆرەکردنەکەش لەڕێگەی پلانێکی تەواو  تۆکمەو داڕێژراو و چیرۆک و سیناریۆیەکی تێکەڵ و پێکەڵ و دروستکراو…

 

ئەمەش وەک و پەیامێک بۆ خەڵکی شاری هەولێر کە ئەگەر دەنگ بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن ئەوا چارەنوستان بەو شێوەیە دەبێت و پاشان چیرۆک و سیناریۆشتان بۆ هەڵدەبەستین، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مەرگی مامۆستا جیهان تەنها تیرۆرکردنی مامۆستایەک نەبوو، بەڵکو بریتی بوو لە بێدەنگکردنی شارێک.

 

لە هەموو کۆمەڵگایەک کاتێک دۆسیەیەک دەنگدانەوەیەکی جەماوەری درووست دەکات و دەسەڵات تۆمەتبار دەکرێت بە بکەری تاوان ئەوا ئەو دۆسیەیە دەبێتە دۆسیەیەکی گشتی و دۆسیەی خەڵک، لەبەرئەوە پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و وتەبێژی حکومەتەوە بەرگریان لە خۆیان کردبایە و ڕونکردنەوەی پێویست و باوەڕپێکراویان پێشکەش بە بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان بکردبایە بەلایەنی کەم کامێراکانی سەرشەقامیان  خستبایە ڕوو،  تا تۆمەتی ئەو تاوانە لەسەر ئەوان لابردرایە، بەڵام بەداخەوە و بەپێچەوانەوە هاوشێوەی تاوان و تیرۆرەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەم دۆسیەیەشیان بە شاراوەیی و بەیەکلانەکراوەیی بەجێهێشت و کۆتاییان پێهێنا.

 

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە بڵێین بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە یاسا و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ و سەروەرنین و لەژێر دەسەڵاتی حزبی دان  لە ئێستادا  سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها  لەلایەن بنەماڵەکەمان سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم لە داگای واشنتۆن لە ئەمریکا تۆمارکراوە و داوادەکەین کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گرنگ بکرێت و ئەنجامی دۆسیەکە بۆ بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان ڕوونبکرێتەوە و هاوکات داوا دەکەین  کە بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە  بە سزای ڕەوایی خۆیان بگەیەنرێن و ڕۆحی مامۆستا جیهان ئیتر ئاسوودە بکرێت و ببێتە پەند و وانەیەکیش بۆ دەسەڵاتدارانی کورد کە ئیدی دەست لەگەرووی گەنجەکانمان نەنێن کە هاواری ماف و ئازادی دەکەن بۆ خەڵکی ووڵاتەکەیان.