عێراق وزەی پاک بۆ کارەبا بەکاردەهێنێت

عێراق سوود لە وزەی پاک بۆ بەرهەمهێنانی ٢٤ هەزار مێگاوات کارەبا وەردەگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق بو سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بەرەو وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە هەنگاو دەنێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆدابینکردنی وزە بۆ پێداویستییە پەرەسەندووەکانی وڵات.

 

 لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا ژینگەی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، عێراق دەیەوێت گۆڕانی کەشوهەوا بەکاربهێنێت بۆ سوود وەرگرتن و لەم پێناوەدا بەرەو وزەی پاک هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی و وزەی خۆر تیایدا بەرزە دەتوانرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کارەبا بخرێتەگەڕ.

 

وەزیری کارەبای عێراق ئاشکرای دەکات کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سعودی کار لەسەر دروستکردنی یەکەم پڕۆژەی وزەی پاک لە عێراق دەکەن لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئاماژە بەوەشدەدات کە پڕۆژەکە لە پارێزگای نەجەف لە ناوەڕاستی عێراق ئەنجام دەدرێت.

 

محەمەد شیعە ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بەرنامەی وڵاتەکەی بۆ هەنگاونان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوەی خۆر ڕاگەیاند، بەهۆی گرنگییەکەی لە سیستەمی وزە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کەشوهەواییەکان کە مەترسی لەسەر ژینگە لە زۆربەی جیهان دروستدەکات.

 

لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بووەنەوەی عێراق بە وشکەساڵی و گەرما، دامەزراندنی سیستەمی وزەی نوێبووەوە لەسەر بنەمای وزەی خۆر خراوەتە بەرنامەی کارەوە، وەزیری نەوتی عێراق لە ١٢ی ئاداردا گرێبەستی بۆ پڕۆژەیەکی نوێی وزەی خۆر واژۆکردووە، پێشبینی دەکرێت هەزار مێگاوات بەرهەمبهێنێت وەک بەشێک لە ئامانجەکانی وەبەرهێنانی حکومەت بۆ کارەبا.

 

هەروەها لە بەیاننامەیەکدا لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا ڕایگەیاندووە، پلانی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ هاوینی داهاتوو ئامانجیەتی بگاتە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ٢٤ هەزار مێگاوات کارەبا کە پێداویستییەکانی هاوڵاتیان پڕ دەکاتەوە.