لوبنان لە گێژەڵوکەی شەڕی غەززەدایە و ئیسرائیلیش هەڕەشە دەکات

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردبوو لوبنان نەکاتە غەززەیەکی دیکە، لەماوەی ڕۆژی سێشەممە بۆ چوارشەممە لە لوبنان ٢٢ کەس کوژراون و ٨٠ کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی لوبنان دوێنێ ٩ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕۆژی سێشەممە بۆ چوارشەممە ٢٢ کەس کوژراون و ٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی سەر لوبنان بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و ١٤١ کوژراو و ١٠هەزار و ٩٩ بریندار.

 

سەرەڕای ئەوەی ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە "نابێت بارودۆخی لوبنان بگۆڕێت بۆ دۆخێک هاوشێوەی دۆخی غەززە"، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە  لە هێرشەکانی و وەک خۆی دەڵێت ئامانجی لەناوبردنی حزبوڵایە.

 

لە بەرامبەردا ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە پێکهێنانی شانەی قەیرانی ڕاگەیاند، بەو پێیەی ژمارەی گەڕاوەی لوبنان گەیشتە هەزار و ٣٣١ کەس لە نێوان بەردەوامی لێشاوی ئاوارەبوونی خەڵک لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی سەر لوبنان.