لەسەر سزادراوانی بادینان سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم دانیشتنی پەرلەمان ڕادەگرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە ئاسانکارییان بۆ بکات تا چاویان بە سزادراوانی بادینان بکەوێت، بەڵام داواکارییەکەیان مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە.

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە ئاسانکارییان بۆ بکات تا چاویان بە سزادراوانی بادینان بکەوێت، بەڵام داواکارییەکەیان مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دکتۆر شایان عەسکەری، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە: لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی وەرگرتنی خاڵە پەیڕەویەکان، داوام لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کە ئاسانکاریمان بۆ بکات تا چاومان بکەوێت بە سزادراوانی بادینان بەتایبەتی دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ئەشکەنجەدانیان لەلایەن ئاسایشەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان وەکو ھەموو جارێ قسەکانی پێبڕیم و وتی خۆت بڕۆ ئاساییش و داوای بینینیان بکە و دەرفەتی نەدا قسەکانم تەواو بکەم.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: دواتر مشتومڕ دروست بوو تا گەیشتە ئەوەی پرسیارم کرد لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان چی کرد بەرامبەر سکیوریتی پەرلەمان، کە مۆبایلی ڕفاند لەدەستی ڕاوێژکارێک و دوو ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی داوایان لە سکیوریتی کرد کە بێن و بمبەنە دەرەوە، بەڵام نەچووم بۆیە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی ھەڵگرت، ئەمەش فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی نیگەران کرد.

 

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە فراکسیۆنی گۆڕان و بەشێک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە، تا ئەوکاتەی سەرۆکی پەرلەمان "خۆی داوای لێ کردین بچینەوە ھۆڵی دانیشتن"، شایان ئاماژەی بەوەشدا کە بە فەرمانی سەرۆک و جێگرەکەی پەخش ڕاگیرا و نەشتوانراوە بە مۆبایل ڤیدیۆ بکەن، وتیشی "چونکە مۆبایلەکان دەڕفێنن، ھەر ئەوانەی دوێنێی سەرشەقام، ئەمڕۆ لە پەرلەمانن".

 

 

لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، ٧٦ چالاکوان و ڕۆژنامەوان لە بادینان دەستگیرکراون. ٥ لەو زیندانیانە بە سزای ٦ ساڵ زیندانیکردن سزادراون و یەکێکیان بە ساڵێک زیندانیکردن سزادراوە، هەرچەندە کەیسەکانیان کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و دەرەکیشی لێکەوتەوە، بەڵام دادگا ئامادەنەبوو سزاکانیان هەڵوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا وەک پارێزەر و شاهیدحاڵانی کەیسەکە دەڵێن: کەیسەکان سیاسیی بوون و هیچ پاڵپشتێکی یاساییان نەبووە.

 

ت.پ