لەسلێمانی پانێڵێک بەناونیشانی ''گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەری لەسەر تاوان'' ڕێکخرا
لەڕۆژی جیهانی زەوی، لەپەیمانگای بڕایت، بەئامادەبوونی ژمارەیەک پسپۆڕی بواری کەش و هەوا و تاوان پانێڵک لەسەر گۆڕانکاریەکانی کەش وهەوا ئەنجامدرا.

سلێمانی
ئەمڕۆ ٢٢ی نیسان، لەپەیمانگای بڕایت، لەسلێمانی، لەڕۆژی جیهانی زەویدا، بەهاوبەشی نێوان پەیمانگای بڕایت و کۆلێژی زانستە ژینگەیەکانی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێکیان بەناونیشانی" گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەری لەسەر تاوان"، بۆهەریەکە لە پروشە قەلەندر، سەرۆکی بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگای بڕایت، ڕۆژان فەرەیدوون، پانێڵست، ژینۆ خالید، دکتۆرا لە پیسبونی ژینگە، ئەنجامدا، سەرەتای پانێڵەکەش بەساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر هەریەکە لەپانێڵستەکان بۆسەر ستەیج بانگێشتکران.
ڕازان عومەر، بەڕێوبەری پانێڵست، بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد، وتی، ساڵانە ئەم ڕۆژە یاد دەکرێتەوە، ئێمە وەکو ژینگە دۆستان دائیمەن لەهەوڵی ئەوەداین ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بەژینگەوە هەیە تێکەڵ کێشی بکەین، ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت دیدێکی فراوان باس بکەین بەوەی گۆڕانی کەش و هەوا چۆن ببەستینەوە بەتاوانەکانەوە.
ژینۆ خالید، دکتۆرا لە پیسبونی ژینگە، باسی گۆڕانکاری کەش و هەوای کرد کەچۆن کاریگەری لەسەر تاوان و بەڵگە تاوانیەکان هەیە، وتی، ئەمە چانسێکی زۆر باشە کە ئەم ساڵ لەجیاتی نەمام ناشتن پانێڵێکمان سازکرد، ئەم ساڵ یادکردنەوەکەمان بەدروشمی " هێزی ئێمە هەسارەکەمانە"، لێرەدا ئێمە ئەگەر هێزەکەمان هێزێکی تاوانکاری بێت، ئەوا هەسارەکەشمان هەسارەیەکی تاوانکارییە، لێرەدا زۆر فاکتەری کەش وهەوا هەیە، بەس ئەوەی تیشکی دەخەمە سەری ئەوانەیە کە زیاتر پەیوەندیان هەیە بە سروشتی جەستەوە، چونکە تاوانەکان لە کۆتایدا کێ ئەنجامی دەدات بێگومان مرۆڤە، گۆرانی کەش و هەوا وا ئەکات ئەو تاوانە ئەنجام بدرێت.
ڕۆژان فەرەیدوون، پانێڵست، باسی پێکەوەبەستنی تاوانکاری و شوێنی جوگرافیای کرد، ڕایگەیاند: ئێمە وەکو زانستی جوگرافیا ئیش لەسەر دوو فەلسەفە دەکەین، ئەویش فەلسەفەی حەتمی و فەلسەفەی خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو شوێنەی تێیدا نیشتەجێی، فەلسەفەی حەتمی، باس لەوە دەکات مرۆڤ ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری ژینگەکەیدایە، هەروەها لەڕووی جوگرافیەوە ئەو ژینگە ئاو هەواییە جیاوازانەی کە بە سەرهەموو شوێنەکاندا دابەش بوون، کۆنتڕۆڵی ئێمە دەکات، ئێمەی مرۆڤ هەموومان لە یەک ناچین چ لەڕووی شێوەوەبێت یان بیرکردنەوەمان بێت، دواترئەمانە ڕەنگدەداتەوە لەناو ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ئێمەدا، دواجار فاکتەرە سروشتی و مرۆییەکان پێکەوە وەکو زانستی جوگرافیا کاردەکەن و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ڕەفتاری هەر یەکێکمان دەبێت.
پروشە قەلەندر، سەرۆکی بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگای بڕایت، ئاماژەی بەکەیسی دادگاکان و ئیشیکردنی دادگا لە بەکارهێنانی بەڵگە بۆ چەسپاندنی دادوەری کرد، وتی: لێرەدا ئێمە قەت هەست بەوەناکەین چەندێک ژینگە و کەش و هەوا کاریگەری هەیە لەسەر ڕاست ودروستی ئەو بەڵگانەی کە بۆ دادگا هەڵدەگیرێت، کە لە دواتردا بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسە تاوانکاریەکان بەکاردەهێنرێن، ئێمە کە شانۆیەکی تاوانمان دەبێت، کەدەچینە سەر شانۆکە هەموو شتێک بەڵگەنیە، بەڵکو ئەوەی دەمێنێتەوە ئاسەوارێکە، ئاسەواری پاشماوەی ئەو تاوانەیە کە ئەنجامدراوە، لەکۆتایدا کە بەڵگەکان کۆدەکەینەوە، چەنێک پەیوەندی بە گومانلێکراوەکە یان پەیوەندی بە قوربانیەکەوە هەبێت، لەو کاتەدا ئەو پاشەماوانەی کە کۆکراونەتەوە ئەتوانین ناوی لێبنێین بەڵگە.
ژینۆ خالید، دکتۆرا لە پیسبونی ژینگە، باسی پانێڵەکەی کرد، وتی، ئەمڕۆ ئەم پانێڵەمان سازکردوە کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زەوی، ئەم ساڵ لەژێر دروشمی" هێزی ئێمە هەسارەکەمانە" یاد دەکرێتەوە، بەڵام ئێمە بابەتێکی جیاوازمان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی کاتێک کە مرۆڤ ئاسایش و ئەمانەتی هەبێ کەواتە هێز و تواناشی دەبێت بۆپاراستنی هەسارەکەی، لەبەرئەوە ئەم بابەتەی ئەمڕۆ هەڵمان بژارد، پەیوەندی نێوان گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوایە، کە لە ئێستادا هەموو جیهان و هەسارەکەمان بەدەستیەوە کاریگەری زۆری بەرکەوتوە، لێرەدا ئێمە گفتوگۆ و پانێڵێکمان سازکردوە، بۆئەوەی بەتەوای جەخت لەسەر ئەو خاڵانەی بکەینەوە کە پەرەسەندنی تاوان زیاد دەکات لەسەر ئاستی ناوخۆی و جیهانیشدا.
لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەم پانێڵەمان سازنەکردوە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ تاوانکاری و تاوان، بەڵکو تاوان هەر تاوانە، ددەبێت بەهەر جۆرێک بێت بە خەڵک بڵێین بەشێک لەهۆکاری تاوان پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکاری کەش و هەوایە، لایەنەکانیش زیاترهەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ژینگەی و کەش و هەوا، ئەو کاتەش ڕاستەوخۆ تاوانکاری کەم دەبێتەوە.