لەساڵێكدا ٦٣٠ هەزار كەس بەهۆی ئایدزەوە گیان لەدەستدەدەن
ڕۆژی یەكی كانوونی یەكەم بەڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی ئایدز دادەنرێت، لەم رۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەسەرتاسەی جیهان بەڕێوەدەچێت بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لەمەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە ترسناكە.
ناوەندی هەواڵ
ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دابەزینی هێزی كۆئەندامی بەرگری جەستە، بەهۆی تێكشكاندنی سیستمی بەرگرییەوە كەسی تووشبوو توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا و نەخۆشیەكانی نامێنێت.
ڕۆژی جیهانی ئایدز بۆ یەكەمجار لە ڕۆژی یەكی كانونی یەكەمی ساڵی ١٩٨٨ دیاری كرا، بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی لە ٩٠%ی هەڵگرانی ڤایرۆسی ئایدز نازانن تووشبوون بەهۆی ئەنجام نەدانی پشكنینی پێویست و سەردان نەكردنی پزیشك بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكەیان.
دیاری كردنی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لەسەر بڕیاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بوو بۆ دانانی رۆژێكی جیهانی بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لەڕێگاكانی گواستنەوەی کە لەڕێگەی بەكارهێنانی كەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یاخود سێكسكردن لەگەڵ كەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلی پزیشكی پیسبوو بە ڤایرۆسەكە، هەروەها مامەڵەكردنی تەندروستە لەگەڵ ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئایدز ئێچ ئای ڤی بوون، چونكە ئەم نەخۆشیە بە مەترسیدار دادەنرێت و رێژەی تووشبوونی بەرزە لە هەندێک وڵاتدا.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تائێستا بەهۆی ئایدزەوە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، یەكەم ناوچە كە زۆرترین تووشبووی ئەم نەخۆشیەی تێدایە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەساڵێكدا ٦٣٠ هەزار كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن.