لۆریستان دەروێش: ڕاگەیاندن بیری زیندوی کۆمەڵگەیە

لۆریستان دەروێش، ڕۆژنامەنووس ڕوونیکردەوە، کە ڕاگەیاندن لە بونیادنانی هۆشیاریی کۆمەڵگە، پاراستنی ناسنامە و بیرەوەریی گەلان و بەڵگەکردنی ڕاستییە مێژووییەکاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- ڕاگەیاندن ئەو هێزەیە کە هۆشیاریی کۆمەڵگە بونیاد دەنێت، ڕاستییەکان ڕووناک دەکاتەوە و بیرەوەریی گەل لە لەناوچوون دەپارێزێت، ئەو تەنها گواستەرەوەی زانیارییەک نییە، بەڵکو شاهیدی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە، دەنگی ئەو ڕاستییانەیە کە شاردراونەتەوە، هەروەها ئەرشیفی زیندوی ئەو ڕووداوانەیە کە مێژووی کۆمەڵگە بونیاد دەنێن  بە ڕێگەی ڕاگەیاندن، ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دەبنە یادەوەریی سبەی و بەسەرهات، تێکۆشان و ڕاستییەکانی کۆمەڵگە لە نەوەیەکەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی تر، لەبەر ئەوە، ڕاگەیاندنێکی خاوەن بەرپرسیارێتی تەنها زانیاری بڵاو ناکاتەوە، بەڵکو لە بونیادنانی هۆشیارییەکی ئازاد، بەهێزکردنی بیری ڕەخنەیی و پاراستنی ناسنامە و بیرەوەریی کۆمەڵگەشدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا، لۆریستان دەروێش، ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بونیادنانی هۆشیاریدا و گرنگییەکەی لە پاراستنی بیرەوەریی کۆمەڵگەدا، هەروەها گواستنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە.

 

ڕاگەیاندن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن هۆشیاریدا چ کاریگەرییەک دەكات؟

 

بنەمای ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و بێگومان کاریگەرییەکەی، هەم لە لایەنی ئەرێنی و هەم لە لایەنی نەرێنیدا، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم دەناسرێت، بەڵام لە سەدەی ٢١دا، لە پراکتیکدا، بووەتە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکان کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەبێت، لە لایەنی ئەرێنیدا، ڕاگەیاندن لە پاراستنی بەها، بوون، ناسنامە و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و دەبێتە دەنگی کۆمەڵگە.

 

ڕاگەیاندن دەبێت ببێتە بیری کۆمەڵگە

 

ڕۆژنامەوانیکردن کارێکی ئاسان نییە و ڕۆژنامەنووس لەم ڕێگەیەدا ڕووبەڕووی زۆر مەرج و دۆخ دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، پێویستە ڕۆژنامەنوس دەنگی کۆمەڵگەکەی خۆی بێت، کاتێک دەڵێین دەنگی کۆمەڵگە، مەبەستمان تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بێگومان ئەوە دەگەیەنێت کە چاند، مێژوو، بەها و ناسنامەی کۆمەڵگە بپارێزرێت و بگوازرێتەوە، لەبەر ئەوە، ڕاگەیاندن دەبێت ببێتە بیر، ڕووداو، بەسەرهات و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت، لەم چوارچێوەیەدا، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕاگەیاندن لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوادا، توانیمان زۆر چاند و بەهای کۆمەڵایەتی لە نزیکەوە بناسین.

 

ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێت هۆشیاریی کۆمەڵگە پەرە پێ بدات و گۆڕانکاریی ئەرێنی دروست بکات؟

 

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئێمە گەلێک پێکهاتەی جیاواز پێکەوە دەژیەین و هەر یەک لەم پێکهاتەیان خاوەن چاند، زمان و کولتووری تایبەتە، بە سایەی ڕاگەیاندن، دەرفەتمان دۆزییەوە کە چاند و زمانەکانی یەکتر بناسین، لە یەکتر فێر ببین و تێگەیشتنی خۆمان لەسەر یەکتر فراوان بکەین، ڕاگەیاندن لە نزیککردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکان و هەروەها لە بڵاوکردنەوەی بەها هاوبەشەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، تا ئەمڕۆ، بە سایەی ڕاگەیاندن، گەلێک کەس دەیانەوێت فێری زمانەکانی یەکتر ببن و چاندەکانی یەکتر باشتر بناسین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕاگەیاندن تەنها ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی زانیاری، لە هەمان کاتدا پردێکە لە نێوان کۆمەڵگەکاندا کە یارمەتیی بونیادنانی تێگەیشتن، یەکترقبووڵکردن و پەرەسەندنی کۆمەڵگە دەکات.

 

ڕاگەیاندن چۆن دەتوانێت ببێتە بیرەوەری و مێژووی کۆمەڵگە لە نەوەیەکەوە بگەیەنێتە نەوەکەی تر؟

 

بێگومان، ڕۆژنامەنووس تەنها ڕووداوەکان بەڵگە ناکات، لە هەمان کاتدا بۆ مێژوو ئەرشیفێکی ژیندوو بونیاد دەنێت و ڕاستییەکەیان لە لەناوچوون دەپارێزێت، بە سایەی لێکۆڵینەوە و کارەکانی ڕاگەیاندن، گەلێک ڕاستیی مێژوویی کە پێشتر بۆ ئێمە دیار نەبوون، ڕووناک کرانەوە. ئەو مێژوویەی کە پێشتر دەی ناسین، زۆر جار لە لایەن هۆشیاری و بۆچوونی دەوڵەتەکانەوە نووسرابوو، بەڵام ئێمە دەتوانین بە بۆچوونێکی جیاواز لە مێژووەکەمان بڕوانین و ئەو ڕاستییانە بناسین کە شاردراونەتەوە، ئەمەش ئەنجامی لێکۆڵینەوە، گەڕان و تێکۆشانی درێژخایەنە بۆ گەیشتن بە ڕاستی.

 

پاراستنی مێژووش بەشێکە لە تێکۆشان لە پێناو بوون و ناسنامەماندا

 

بە تێکۆشانی پەکەکە کە نزیکەی ٥٠ ساڵە بەردەوامە، گەلێک لایەنی مێژووە شاراوەکەمان ناسین و تێگەیشتین کە پاراستنی مێژووش بەشێکە لە تێکۆشان لە پێناو بوون و ناسنامەماندا، بێگومان، ئەم مێژووە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێتە میراسێکی گرنگ، بۆ ئەوەی بزانن کۆمەڵگەکەمان لە چ دۆخێکدا ژیاوە و بۆ گەیشتن بە دەستکەوتەکانی چ بەرخۆدانێکی کردووە.

 

ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژئاوای کوردستان لە مەرج و دۆخی زۆر سەختدا کاریان کردووە

 

هەر ڕۆژنامەنوسێک بە هەواڵێک تەنها زانیاری بە گەل بگەیەنێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا هۆشیاریش پەرە پێ دەدات، ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و ڕووداوەکانی سەردەم دەكات بە بەشێک لە بیرەوەریی کۆمەڵگە، لەم چوارچێوەیەدا، ئەو شەڕەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووی دا بە سایەی ڕاگەیاندن، سەرەڕای هەموو مەرج و دۆخە سەخت و مەترسیدارەکان، بە فراوانی بەڵگە کرا، ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژئاوای کوردستان لە مەرج و دۆخی زۆر سەختدا، ڕووبەڕووی مەترسیی ژیانی خۆیان بوونەوە، بەڵام بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی و بەڵگەکردنی ڕووداوەکان بەردەوام بوون، گەلێک جار ئەوان بەو زانینەی کە ڕەنگە لەم ڕێگەیە نەگەڕێنەوە، بەڵام چوونە شوێنی ڕووداوەکان بۆ ئەوەی ڕاستی بۆ جیهان ئاشکرا بکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕۆژنامەوانیکردن تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە ڕاستییەکان دەپارێزێت و دەنگی کۆمەڵگە دەگەیەنێتە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس چۆن دەتوانن دەنگ و کێشەکانی ژنان بگەیەننە کۆمەڵگە؟

 

ژن بنەمای کۆمەڵگەیە و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خاوەن ڕۆڵێکی گرنگە، لە بواری ڕاگەیاندنیشدا ڕۆژنامەنووسانی ژن بە بۆچوونی تایبەتی خۆیان و تێگەیشتنی قووڵیان بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە، دەتوانن لایەنە جیاوازەکانی ڕووداوەکان ڕووناک بکەنەوە و دەنگی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بگەیەننە گەل، ڕۆژنامەوانیکردن بۆ ژنان تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی گرنگیشە، بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکان، پاراستنی مافەکان و بەشداربوونیان لە بونیادنانی هۆشیاریی کۆمەڵگەدا.

 

ژن دەتوانن بە سەربخۆیی بەرپرسیارێتیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەڵگرن

 

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان لە بواری ڕاگەیاندندا هەنگاوی مێژووییان نا، دامەزراندنی تەلەڤزیۆن، ئاژانس، رادیۆ و گۆڤارەکان کە لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەوە دەردەخات کە ژنان دەتوانن بە سەربخۆیی بەرپرسیارێتیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەڵگرن و لە بڕیارداندا خاوەن ڕۆڵ بن، ئەم ئەزموونە تەنها بەشداریی ژنانی لە ڕاگەیاندندا بەهێز نەکرد، هەروەها ڕێگەی بۆ بەڵگەکردنی مێژوو، چاند و ناسنامەی کۆمەڵگە خۆش کرد و بنەمایەک بۆ گەیاندنی ئەم میراسە بۆ نەوەکانی داهاتوو بونیاد نا.