ژنان بە درێژای هەزاران ساڵ پێگەیەکی گرنگیان لە کۆمەڵگە هەبووە

ئەو مزگەوتەی لە نزیک پەرستگای ئاناهیتا دروستکراوە لە یەکەم نیگادا ڕەنگە تەنها دژایەتی ئیسلام لەگەڵ ئایینەکانی پێشوودا نیشان بدات، بەڵام  ئاماژەیە بۆ دوژمنایەتی نائاگایی حکومەتی ئایینی-پیاوسالاری بەرامبەر بە هێما و نیشانە کۆنەکانی کۆمەڵگەی دایک.

ژوان کەرەمی

 

کنگاور- بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی مێژوو و ڕەوتی ئەو پێشهاتانەی کە بوونەتە هۆی کۆلۆنیالیزەکردن و پێشێلکاری بەرامبەر ژنان، ستوونی داڕماو و وێرانەکانی پەرستگای ئاناهیتا باس لە هەژموونی ئایینی ئایدیۆلۆژیکی زەردەشتی و ئیسلام دەکەن.

ئەو پڕۆسەیەی کە وایکرد ئاناهیتا لە پێگەی خوداوەندێکی گەورە دابەزێت و لە نێو خوداوەندە زۆرەکانی ئایینی زەردەشتی و بۆ فریشتەیەک یان خوداوەندێک کورت بکرێتەوە، پرۆسەی گواستنەوە لە کۆمەڵگەی دایکەوە بۆ سیستمی دەسەڵاتداری نیشاندەدات، ئەم گواستنەوەیە هاوتایە لەگەڵ گواستنەوە لە ئایینی میترا و سەردەمی پەرستنی خوداوەندی گەورە بۆ ئایینی زەردەشتی و پاشان مەزداسێنا.

 

سەردەمی نیۆلیتیک، سەردەمی حوکمڕانی دایک

پێش سەردەمی پیاوسالاری، مرۆڤایەتی قۆناغەکانی کۆمەڵگەی دایکی بەخۆییەوە بینیوە، وەک توێژەران دەڵێن سەردەمی نیۆلیتیک سەردەمی حوکمڕانی دایکە، کۆمەڵگەی دایک بە واتای کۆمەڵگەیەکی باوەڕدار بە ژن دێت، پێگەی سەرکردایەتی خێزان و کۆمەڵگە هی ژنانە واتە ڕەچەڵەک لە ڕێگەی دایکەوە دەگوازرێتەوە، پێگەی باوک نە لە ڕووی مانا و نە لە ڕووی ماددی و کاراییەوە گرنگیەکی تایبەتی نییە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەچەڵەک لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکان، پرسی ئەوەی کێ باوکی منداڵەکانە گرنگ نییە، دوای هاوسەرگیری پیاوان دەچوونە ماڵی ژنەکان و لە پاش جیابوونەوەش پیاوەکە لە ماڵ و خێزانەکە جیادەبوەوە و جێیدەهێشت، میرات لە ڕێگەی دایکەوە دەگوازرایەوە، نەک تەنها خاوەندارێتی ماددی بەڵکو گواستنەوەی پەروەردە و لێهاتوویی و چیرۆک و ئەفسانە و بیروباوەڕەکانیش بەشێک بوو لە ئەرکی گواستنەوەی میراتی دایک.

 

لەم ماوەیەدا پەرستنی خوداوەندی گەورە بەربڵاو بوو، کە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بە ناوی جیاواز ناویان دەبرد، ئەم خوداوەندە گەورەیە دواتر دەبووە ئەو خوداوەندانەی کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی یەکێک یان چەند سیفاتێکیان دەکرد، ئاناهیتا، ئاناهید یان ڤینۆس، یەکێک بوو لەو خوداوەندە گەورانە.

 

دایکسالاری، پیاوسالاری، دەمارگیری

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیانە بریتییە لەو وەسوەسە دەروونیانەی کە لە یۆنانی کۆن و سەردەمی هێلینیکیدا لە ئەفسانە و دراماکاندا دەرکەوتووە، کە فرۆید کردوویەتی بە بنەمای تیۆرییە سەرنجڕاکێشەکانی، مالینۆڤسکی لەبارەی غەریزەی سێکسی و سەرکوتکردنی لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا دەنووسێت، سەرەڕای دانپێدانانی زۆربەی بناغەکانی فرۆید لەسەر سەرکوتی سێکسی منداڵی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوا و دروستبوونی وەسوەسەی دەروونی، ئەو پێی وایە تیۆرییەکانی فرۆید کۆمەڵگە پیاوسالارەکان دەگرێتەوە و واقیع لە کۆمەڵگە دایکسالارەکان جیاوازە.

 

بە بڕوای مالینۆڤسکی، لەو کۆمەڵگە دایکسالارانەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، مرۆڤەکان یان خەون نابینن یان زۆر کەمتر گرنگی بە خەونەکانیان دەدەن و نەخۆشی دەمار و تێکچوونی دەروونی زۆر کەمترن لە نێویاندا، دایک پێگەی باڵای بنەماڵەیە، ڕەچەڵەک و میرات لە ڕێگەی ئەوەوە دەگوازرێتەوە، ئەوە پیاوە کە دوای هاوسەرگیری دەچێتە ماڵی ژن، بەڵام لە هەمان کاتدا پیاوانی ئەم کۆمەڵگەیانە ئاسوودەیی و تەندروستی دەروونی زیاتریان هەیە وەک لە پیاوانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری ڕۆژئاوایی ئەمڕۆ، بەرپرسیارێتیەکانی، ترسەکان و گرژییەکانی زۆر کەمترن بەتایبەتی پیاوان پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەیە، ئەم پەیوەندییە چیتر پەیوەندی ئاغا و خزمەتکار نییە، چونکە لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا باوک خاوەنی منداڵەکانی نییە، بەڵکو هی دایکن.

 

" ژنان دروشمی ئازادی دەڵێنەوە"

ئەمڕۆ ٨ی ئادارە، منیش لە شوێنی پەرستنی ئاناهیتام، پێم وایە ئەو ژنە، ئەم کۆنترین مێژووی هەیە، ئەمجارە دوای چەند هەزار ساڵ ژنانی شاخی تۆروس هاواری "ژینا" دەڵێنەوە و دەیانەوێت پێگەی خۆیان وەربگرنەوە و بەرامبەر فاشیزمەکان بوەستنەوە، ژنانی دەشتەکانی میزۆپۆتامیا گۆرانی بەرخۆدانی ژیانیان دەوتەوە و لەبەرامبەر گەردەلولی داعش وەستانەوە و بەرخۆدانی کۆبانێ یان کرد.

 

ئێستاش ژنانی کۆڵانەکانی زاگرۆس هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" دەکەن و دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانیان هەژاندووە، بەڕاشکاوی باس لەوە دەکەن لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا کە شارستانیەتی پیاوسالاری و سەرمایەداری تیایدا باڵادەستە  تیادا تاکەکان ناتوانن خاوەن بژاردەی گونجاو بن، بۆ ئەوەی لە هەڵاواردن و پێشێلکارییەکان و کۆلۆنیالیزمی ئێستا دەربچین، پێویستە پلانێکی نوێ دابڕێژرێت، شکۆی لەدەستچووی ژن دووبارە بەدەستبێتەوە و وەرگرتنەوەی متمانە و دەسەڵاتی ژنان و دواجاریش پێگەیەکی یەکسان و ئازادە بۆ هەموو شوناسە جێندەرییەکان.

 

دەروونی مرۆڤ مێژوویەکی هەیە، شیکاری دەروونی پێمان دەڵێت کە هەر سەرکوتکردنێک بەدوای خۆیدا شۆڕش و ناڕەزایەتی دەهینێت، بۆیە شارستانیەت جارێکی تر شاهیدی شۆڕسش ژنان دەبێتەوە و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناڕەزایەتی کۆمەڵگەیەکی سەرکوتکراوە.

 

ژنان لە نێوان خۆیاندا گەیشتوونەتە هۆشیاریەکی بەکۆمەڵ، بەڵام دەتوانن ببنە هۆکاری هاودەنگی لەگەڵ شوناسە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی دیکە، هەر بۆیە ڕژیمی ئێران ماندوونەناسانە پێداگری لەسەر جیاکارییەکانی بەرامبەر ژنان کردووە، ڕژیم زۆر باش دەزانێت شۆڕشی ژنان چ توانایەکی هەیە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا بۆیە بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی ژنان دەدات.