لەکۆیە جەژنی هەستانەوە بەڕێوەچوو
کریستیانەکانی شاری کۆیە لە دووای ٥٠ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، بۆ ڕێز گرتن لە داب و نەریتی کۆنیان جەژی هەستانەوەیان پیرۆز کرد.

شیا کۆیی
کۆیە- دوێنێ ٢٠ی نیسان، جەژنی کرستیانەکان لە گوندی هەرمۆتەی سەر بە شاری کۆیە لەهۆڵی بۆنەکانی هەرمۆتە، بەڕێوە چوو. دوای٥٠ رۆژ بەرۆژی بوون کرستیانەکانی کۆیەش وەک مەسیحیەکانی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان جەژنی هەستانەوە (جەژنی قیامەیان ) پیرۆزکرد. لەم جەژنە پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن هەندێک لەماڵەکان دەگەڕێن و هەندێك پێشوازی لە میوانەکان دەکەن، بەهۆی تێكەڵاوی زۆری نێوان مەسیحیەكانی هەرمۆتە و شاری كۆیە دابونەریتەكان زۆر لێک دەچن هەروەک جەژنی مسوڵمانان جوكلات وشیرنی دەگێرن و سەردانی ماڵان دەكەن بەگەورەو بچوك وژنو پیاوەوە.
دەلال سڵێوە عیسا، لەهەولێرەوە هاتۆتەوە هەرمۆتە بۆ جەژن کردن لەگەڵ کەسوکاری بەخۆشحاڵیەوە وتی: پیرۆزبایی لە هەموو مەسحیەکانی جیهان وکوردستان دەکەم بەبۆنەی جەژنی قیامە خۆشحاڵم کەهەموو لێرە کۆبۆتینەوە، هەفتەیەک پێش جەژن ئامادەکاری دەکەین، کولیچە و شت ئامادە دەکەین هەروەها هێلکە دەکوڵێنین و ڕەنگی دەکەین.
دەلال سڵێوە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان دوای ٥٠ڕۆژ بەڕۆژی بوون لەهەمو خواردنێک کە لە ئاژەڵ و پەلەوەر دابێ وەکو گۆشتن و هێلکە و شیر و ئەوانە ناخۆن، دوای ئەوە دەڵێن جەژنی قیامەیە واتە هەڵسانەوە، چونکە لەوڕۆژەدا حەزرەتی مەسیح کە لەخاچ درابوو هەستایەوە، ئەوەش مانای لوتکەی باوەڕی ئێمە بەدەردەخات.
لەبارەی دابونەریتی هێلكە ڕەنگ كردن دەلال وتی: کە ئەوان لەم ماوە هێلکە ناخۆن و کۆی دەکەنەوە تا جەژن ڕەنگی دەکەن ئەوەش بەمانای ژیان و نوێ بونەوە دێت لای ئێمە،و هەرلەورۆژە هەندێ پیشبڕکێ بەوهێلكانە دەكەین بەو جۆرەی کە كێ هێلكەی لەدەست نەشكێت براوەیە.
دەلال باسی پێکەوە ژیانی کرد لەگەڵ مسوڵمانەکان وتی:" ئەوان دێن بۆ پیروزبایی و ئێمەش کاتی جەژن دەچین بۆلایان بۆ پیرۆزبایی جەژن و پێکەوە ژیان لای ئێمە زۆر جوانە. هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لەناو کریستانەكان وتی: ژنان لای ئێمە نیوەی کۆمەڵگە نین، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەن و ژنانی ئێمە شۆڕشیان کردووە شان بەشانی پیاوان، بۆنمونە خاتوو (مارگێت) پێشمەرگە بووە و زۆر نوسەرو ژنی شۆڕشگێرمان هەیە لەمنێوانەدا ئێستا لە هەرمۆتەو دایكم خاوەن دوو كتێبە.
جیاوازیەكانی جەژنی جاران وئیستا
سەبارەت بەجەژن لەجاران و ئێستا بەفرین عزیز پتڕۆس دەڵێت: جەژن لە ئێستا خۆشترە لەجاران چونکە ئێستا هەمو شتێک زۆرە و ماندوو نین، بۆنموونە وەک جاران و ژنان گەر نەتوانن خوارنە تایبەتەکان حازربکەن دەچنە خواردنگەکان یان خواردن داوادەكەن.
بەفرین وتیشی: جاران لایەکم (بێر بو لایەکم هەرواێر ) واتە خاكەنازو ئیش بو کوندەی ئاویشم لەسەر شان بوو لەکانی ئاوم دێنا ئێستا ئاو بە بەلوعە دێتە ماڵێ.
بەهۆی لەباری گوندی هەرمۆتە بۆكشتوكاڵ جاران زۆربەی ژنانی گوندەكە سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی بوون بەڵام لە ئیستا دا بەم جۆرە نیە و بەفرین عەزیز خۆزگە بۆ ئەوكاتە دەخوازێت و دەڵێت:"خۆزگەم بۆ ژیانی جاران ئێستا ئیشی دەست کەم بووە بەڵام جاران کشتوکاڵمان دەکرد مەڕداریما دەکرد وداکم بەیانی زوو هەڵدەستا مەشکەی دەژاند و زۆر خوشبوو، بەیان شرق و هۆڕی مەشکە دەهات لەدەشتێ،بۆخۆم دەشتو پەرێز و توتنم دەکرد.
لەکۆتایی دا بەفرین عزیز وتی: پێکەوە ژیان لای ئێمە لەگەڵ برا مسوڵمانەکان زۆر خۆشە و هەمو كات بێ جیاوازین.
گوندی هەرمۆتە دەکەوێتە ١٥کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری کۆیە دوورە، نزیکەی ١٥٠ماڵی تێدایە زۆرینەی کرستیانین مسوڵمانیشی تێدا دەژی، و بەژداری بۆنوکانی یەکتری دەکەن.