شوێنەوارێک گەڕێندرایەوە بۆ عێراق کە مێژووەکەی ٢٧٠٠ ساڵ دەبێت

شوێنەوارێکی مێژووی گەڕێندرایەوە بۆ عێراق کە مێژووەکەی ٢٧٠٠ ساڵ دەبێت و لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بردراوە بۆ ئەمریکا.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق شوێنەوارێکی دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقەوە بردراوە بۆ ئەمریکا، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پارچەکەیان گەڕاندوەتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، کە لە مۆزەخانەی عێراقەوە بردراوە بۆ ئەمریکا و پێشبینی دەکرێت چەندین شوێنەواری دیکە بەو شێوەیە لە مۆزەخانەی عێراق دیار نەمابێت.

 

لە کاتێکدا شوێنەوارەکە لە مۆزەخانەی کارلۆس لە زانکۆی ئیمۆری لە ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا نمایشکراوە، بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە  ئەو شوێنەوارە لە عاج دروستکراوە و مۆزەخانەکە کڕیویەتییەوە، لە میانی مەراسیمێکدا کە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن دی سی میوانداریی کرد، لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەوە پارچەکە بۆ بەغدا گەڕێندراوەتەوە.

 

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئەم شوێنەوارە مێژووییەیان دەستنیشان کردووە و بەشداریان کردووە لە گەڕاندنەوەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بۆ خەڵکی عێراق، دوای ئەوەی ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق بردراوە.

 

شوێنەوارناسان ئاماژەیان بەوەداوە کە مۆزەخانەکانی عێراق چەندین شوێنەواری گرنگی میزۆپۆتامیایان لە خۆگرتووە، بەڵام لە چەند هەوڵێکدا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پارچەکان گواستراونەتەوە و دواتر فرۆشراون یان لە مۆزەخانەکانی ئەو وڵاتانەدا نمایشکراون، لە کاتێکدا ئەو پارچە مێژوویانە شارستانیەتی عێراق و میزۆپۆتامیایان هەڵگرتووە و گرنگە کە پارێزگارییان لێبکرێت و هەوڵی گەڕاندنەوەیان بدرێت.