نەشتەرگەرییەکی جوانکاری لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، نەشتەرگەری درێژکردنی باڵای بەمەبەستی جوانکاری قەدەغەکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، نەشتەرگەری درێژکردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانکاری قەدەغەیە.

 

ڕاگەیندراوەکە ئاشکرایکردووە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری زانستی پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی ڕێنمایی و بەڵگە زانستیەکانی بەکارهێنانی دەزگای جێگیرکردنی دەرەکی بازنەیی ئیلیزارۆف Ilizarov بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئێسک.

 

ڕاشیگەیاندووە، نابێت هیچ پزیشکێک یان نەخۆشخانەیەک ئەم نەشتەرگەریە ئەنجام بدات، تەنها بەمەبەستی چارەسەری کێشەوگرفتی تەندروستی و بەڵگەداری زانستی ڕێگەیان پێدەدرێت، بەڵام بۆ درێژکردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانکاری قەدەغەیە.

 

بەهۆی زیانە تەندروستییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری درێژکردنی باڵا، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان هۆشداریداوە کە  پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بە دووربگرن لە ترسناکی ئەگەری ئاڵۆزییەکانی ئەم نەشتەرگەریە، تا ئێستا هیچ سەنتەرێک ڕێگەپێدانی فەرمی بۆ ئەم خزمەتگوزاریە پێ نەدراوە.