گیانلەدەستدانی منداڵان لە سوودان زیادیکردووە

بەهۆی شەڕ و ململانێکانی سودان، زیاتر لە ٧٤٠ هەزار کەس ئاوارەبوون، ژمارەیەکی مەترسیداری منداڵانیش بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، بە تێکڕای زیاتر لە پێشێلکارییەک لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٢٥٠٠ پێشێلکاری توندی مافەکانی منداڵان لە سودان ڕوویداوە، ١٤ ملیۆن گەنج پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

 

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەسەر توندوتیژییەکانی سودان ڕەوشی ژیانی منداڵان و خێزانەکان کەوتووەتە مەترسییەوە، دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٠٠ منداڵی ئاوارە بەهۆی سورێژە و بەدخۆراکی لە ویلایەتی نیلی سپی گیانیان لەدەستداوە.

 

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساریای باڵای پەنابەران، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان بۆ زیاتر لە ٧٤٠ هەزار پەنابەر کە ئێستا لە سودان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون و ژیانیان لە دۆخێکی سەختدایە لە ناو کەمپەکان، وتی: "کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیە دەستبەجێ کۆتایی بەم شەڕە دڵتەزێنە بهێنن."

 

تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە ناوخۆی سودان و بۆ دەرەوەی سنوورەکان ئاوارەبوون لەنێویاندا بۆ میسر، کە ڕایگەیاندووە، زۆربەی منداڵان دایک و باوک و خێزانەکانیان لەدەستداوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، چاودێری تەندروستی لە ناوخۆی سودان لە لێواری داڕماندایە، زیاتر لە ٪٦٧ی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەشبکەن و هێرشکردن بۆ سەر نەخۆشخانە و تیمە پزیشکییەکان زیادیکردووە، هاوکات نەخۆشییەکانی سورێژە، مەلاریا و سکچوونی توند زیادیکردووە.