کەمی کانزاکان زیان بە تەندروستی ژنانی گەنج دەگەیەنێت

کەمی ئاسن لە ژنانی گەنج دەبێتە هۆی ماندوێتی، کەمخەوی و سەرئێشە و چەندین نیشانەی دیکە کە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

کەمی ڕێژەی کانزاکان لە جەستەدا چەندین زیانی بۆ تەندروستی ژنانی گەنج دەبێت، لە ئەمریکا هۆکاری ماندوێتی و کەمی تەرکیزە لە کچانی هەرزەکار.

 

توێژینەوەیەک کە لە ڕۆژنامەی JAMA بڵاوکراوەتەوە، ، یەکەم توێژینەوەیە کە کاریگەرییەکانی کەمی ئاسن لە ژنانی گەنج و کچانی هەرزەکاردا دەخاتەڕوو، نزیکەی ٪٤٠ی ژنانی گەنجی ئەمریکی ڕێژەی ئاسنیان کەمە، ئاسن کانزایەکی گرنگە و پێویستە بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

 

توێژەرانی قوتابخانەی پزیشکی زانکۆی میشیگان زانیارییەکانیان لەسەر کچان و ژنانی تەمەن ١٢ بۆ ٢١ ساڵ وەرگرتووە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕاپرسی نیشتمانی پشکنینی تەندروستی و خۆراکییەوە کۆکراونەتەوە، کە بەشێکە لە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، بۆیان دەرکەوتووە کە ٦٪ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کەمخوێنی و کەمی ئاسنیان هەیە.

 

زۆرجار کچانی هەرزەکار و ژنانی گەنج زانیارییان لەسەر نیشانەکانی کەمی ئاسن لە جەستەیان نیە، بەشێک لە نیشانەکانی بریتین لە ماندوێتی، هەڵوەرینی قژ، شکانی نینۆک، کەمبوونەوەی توانای وەرزشی، هەناسەتەنگی، سەرئێشە و تێکچوونی خەو.

 

داتاکان دەریانخستووە سوڕی مانگانە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاسنە لە جەستە، هەرچەندە سێیەکی ئەو کچە هەرزەکارانەی کە هێشتا سوڕی مانگانەیان دەستپێنەکردووە، کەمی ئاسنیان هەبووە.

 

ژنانی گەنج زۆربەی کاتەکان پشکنینی کەمخوێنی دەکەن و ئاستی ئاسن لە خوێنەکەیان دەستنیشان ناکەن، بۆیە لەگەڵ هەبوونی نیشانەکانیش زانیاریان لەسەر کەمی ئاسن لە جەستەیان نیە.

 

ئەو ئاسنەی ڕۆژانە لە ڕێگەی خۆراکەوە جەستە وەریدەگرێت، یارمەتی دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات، پسپۆڕانی تەندروستی ڕێنمای دەدەن کە زیادکردنی سەوزە و گۆشت بۆ ژەمە خۆراکییەکان یارمەتی زیادبوونی ئاسن دەدات لە جەستە.