شەڕ و ململانێ هەڕەشە لە سیستمی تەندروستی دەکات

جەنگ و ململانێکان، ئاوارەبوونی هاوڵاتیان و  کارەساتە سرووشتییەکان هۆکارن لە زیادبوونی نەخۆشییە گواستراوەکانی کۆماری کۆنگۆ و پەکخستنی کەرتی تەندروستی وڵاتەکە بە گشتی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ەوە، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆ، لە پارێزگاکانی باکووری کیڤو، باشووری کیڤو و ئیتوری، لە ماڵەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریداوە، زیادبوونی توندوتیژی و کارەساتی سروشتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆی دیموکراتیک.

 

زیادبوونی ئاوارەبوون و جێهێشتنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە، نەخۆشییەکانی زیاد کردووە و سیستمی تەندروستی وڵاتەکەش لە ژێر هەڕەشەدایە، بەهۆی جوڵەی کەسانی توشبوو لە شوێنەکانی خۆیان کۆلێرا لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە ٢٥ هەزار حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە.

 

سیستەمی تەندروستی وڵاتەکە لەژێر فشارێکی گەورەدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، سورێژە، ئیفلیجی منداڵان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە کۆلێرا و مەلاریا بەهۆی دووبارەبوونەوەی کارەساتی سروشتی بووەتە هۆی دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی بۆ ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکاندا نیشتەجێن و دەجوڵێن لە شوێنەکانی خۆیان.

 

داتاکان دەریدەخەن کە لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە، کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ بە تێکڕا هەفتانە هەزار حاڵەتی توشبوونی کۆلێرای هەبووە تا ١٢ی حوزەیران، کۆی گشتی ٢٤ هەزار و ٥٦٢ حاڵەتی تووشبوون و ١٥٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە هەڵمەتێکی کوتانی سورێژە بۆ ڕۆژانی داهاتوو پلانی بۆ دانراوە، ٪ ٨٢ی زیاتر لە ١٣٦ هەزار حاڵەتی سورێژە لەمساڵدا لە هەردوو پارێزگای کیڤۆی باکوور و کیڤۆی باشوور تۆمارکراوە، کە دوو هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لەخۆدەگرێت.

 

جگە لە جەنگ و ململانێکانی ناوچەکە و ئاوارەبوون گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، لافاو لە سەرەتای ئەمساڵدا بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان کەس و کاریگەری لەسەر ٣٦ دامەزراوەی تەندروستی لە پارێزگاکانی باکووری کیڤو، کیڤۆی باشوور، کاسای و تشۆپۆ هەبووە، ئەمەش پێویستییە تەندروستییەکانی زیادکردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، برسێتی و بەدخۆراکی لە زیادبووندایە، ئەمەش بەشێک لە ئاوارەکان ناچار دەکات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی سەرچاوەی خۆیان تەنها بۆ ئەوەی بتوانن بژین، لە کاتێکدا بەرکەوتەی توندوتیژی زیاتر و فشاری دەروونی کۆمەڵایەتی دەبن، لەمساڵدا نزیکەی ٢٦ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند بوونەتەوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە هەموو شوێنێکی جیهان، بەدخۆراکی توند بە توندی کاریگەری لەسەر منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ژنانی دووگیان و دایکانی شیردەر هەیە.