سەمفۆنیای تاڵ، گێڕانەوەی ژنان لە ڕۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشت

کیمیابارانی سەردەشت نموونەی مێژووییەکی پڕ لە ئازاری گەلی کوردە، کە تائێستاش ڕزگاربووان بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن.

لارا گەوهەری

 

سەردەشت- شاری سەردەشت شارێکی شاخاوییە لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ورمێ و لە بناری چیای "گردەسور" کە دەڕوانێتە دۆڵی زاب کە بە پێی نەخشەی جوگرافیای ئێستای ئێران بە دووری ٣٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئێران و هەرێمی کوردستانەوە هەڵکەوتووە.

 

شاری سەردەشت یەکەم شارە کە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بەشێوەی کیمیایی بۆردومان کرا و بە فەرمانی سەدام حوسێن دوای جەنگی جیهانی یەکەم، کاتێک بەکارهێنانی مادەی کیمیایی و چەک لە شەڕەکەدا قەدەغەکرا، هەروەها بە یەکەم شار ناسراوە کە بووە قوربانی چەکی کیمیایی لە جیهاندا دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ئەم شارە بە شاری خوشکی هێرۆشیمای ژاپۆنیش ناودەبرێت کە لە ساڵی ٢٠٠٤ تۆمارکراوە.

 

کیمیابارانی شاری سەردەشت

مانگی حوزیران بۆ خەڵکی شاری سەردەشت بیرهێنانەوەی ئازار و مەینەتی بێکۆتاییە، کە پەیوەستە بە مانگی ئاوارەیی، ماتەمینی ئەو قوربانییە بێتاوانەی کە هەموو خانەیەکی ڕزگاربووان هەستی پێدەکەن.

 

کاتژمێر ٤:٣٠ی پاشنیوەڕۆ، ڕۆژی ٢٨ تەمموزی ساڵی  ١٩٨٧، دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان هەموو شارەکەی پڕکرد، ئەو کەسانەی پێشتر بە هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە شاهیدی بۆردومانی شاری سەردەشت بوون، هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئەم بۆردومانە کیمیابارانە، لەو ساتەدا فڕۆکە جەنگییەکانی سەدام حوسێن حەوت بۆمبی خەردەلیان لە چوار شوێنی قەرەباڵغی شارەکەدا فڕێدا و پەڵەیەکی هەمیشەیی لەسەر ئەم شارە بەجێهێشت.

 

لەو حەوت بۆمبە، ٢ بۆمب لە بازاڕی شارەکە کەوتووە، ٢ بۆمب لە ناوچەی نیشتەجێبوون، ٣ بۆمبی دیکەش لە باخچەکان و لە گوندی دراوسێی شارەکە کەوتووە بە ناوی "رەش هەرمێ"، و یەکێک لە بۆمبەکانیش کەوتووەتە خوارەوە لە شارەکەدا بۆ ناو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.

 

ئەو ڕۆژە تەنانەت باڵندەش لە ئاسمانەوە کەوتنە سەر زەوی، ژمارەی دانیشتوانی شاری سەردەشت لەو سەردەمەدا نزیکەی ١٨ هەزار کەس بووە و لەو ژمارەیەش هەشت هەزار کەسیان بە گازی خەردەل چارەسەری کیمیایییان بۆ کراوە و ١١٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی کیمیایی بوون و بریندارەکان زۆر زیاترە لەوەی کە وتراوە، تەنانەت لە ڕۆژێک دوای بۆردومانەکە لەو ئامارەی کە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو ڕۆژەدا چوار هەزار گیانی کیمیایی لە تەقینەوەکەدا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەم ئامارە ڕاست نەبووە.

 

دوای ماوەیەکی کورت کیمیابارانی سەردەشت لە یادەوەری گەلی ئێران کاڵ بووەوە بۆ ئەوەی ڕۆحی گشتی لاواز نەبێت چونکە لەو کاتەدا ئێران لە شەڕدا بوو لەگەڵ عێراق، وە ئەم مەسەلەیە بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتانەی کە لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا ڕوویان دا نەگاتە گوێی ئێران و جیهان وەک پێویست، بەڵام سەردەشت ڕۆژانە قوربانی ئەم گازە کیمیاییە، چونکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

 

خاتوون.م لە ماڵەکەیدا کێشەی ڕۆشتنی هەیە و بە سەختی قسە دەکات، یادەوەریی لەدەستداوە و بەزەحمەت ئەو ڕۆژەی لەبیرە و بە دەگمەن ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە و دەگری، وە سەبارەت بە ڕۆژی کیمیاییەکە دەڵێت: "ئەو ڕۆژە وەک ئەوە وابوو کە بەرد لە ئاسمانەوە کەوتبێتە خوارەوە، ماڵەکەمان کە لە ناوەڕاستی شاردا بوو زۆرترین زیانی پێگەیشت بەهۆی ئەو کیمیاییەوە، منداڵەکانم بە تەواوی کیمیایی کرابوون، ئەوان ناردیانن بۆ تەبرێز، کوڕەکەم سەرباز بو بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان نێردرابوو، منیش دەچوومە دەرەوە و یارمەتی خەڵکم دەدا بۆیە کیمیایی بووم و زۆری نەخایاند بینایی چاوم کەم بووەوە، مەحمودی برام لە نزیک سینەما میوەی دەفرۆشت، لەوێ شەهید بوو و هەرگیز نەمبینیەوە، دوای چەند ساڵێک هێشتا نەخۆشم و ڕێژەی کیمیاییکەم ٪١٠یە، کە تەنها پێویستم بە دەرمان و چارەسەرە، نازانم ئەم گازە چی بوو کە هەموو ژیانی ئێمەی بۆ هەمیشە تێکدا."

 

ئەگەری پیسبوونی کیمیایی هێشتا بوونی هەیە

گازی خەردەل یان "خەردەلی گۆگرد" مادەیەکی تاڵە کە شانەکانی لەش دەخورێنێت و ژەهراویبوونی گشتی هەیە، زیانەکانی زیاتر لە شێوەی سووربوونەوە، خوران و سووتانەوە و ئازار لە پێست و شوێنە شێدارەکانی جەستەیە.

 

نیشانەکانی چاو و هەرس و سییەکان نیشانە باوەکانی تری ئەم گازەیە، هەموو جۆرەکانی گازی خەردەل کاریگەرییان لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی دەبێت و دەبێتە هۆی ڕشانەوە و سکچوون و تەشەنوج و هەندێکجار لاوازبوونی بەرەوپێشچوونی ماسولکەکان.

 

هێزی دزەکردنی ئەم ماددە کیمیاییە زۆر بەرزە و تەمەنی مانەوەی لە هەموو پلەی گەرمی و ژینگەیەکدا جیاوازە، لە ئاوی ڕۆشتوودا پیسبوونەکە چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئاوی وەستاودا ڕەنگە چەند مانگێک لەناو ئاوەکەدا بمێنێتەوە.

 

ئەم مادەیە ڕەنگە بە ئاسانی بچێتە ناو قوڕ و خاک و خشت و کۆنکرێت و دار و هێشتا لە بینای سەردەشت کە ڕاستەوخۆ بە موشەکەکە کەوتووە وەک خۆی ماوەتەوە و دەوترێت ئەگەری پیسبوونی تا ٥٠ ساڵ هەیە.

 

سەغەری.ک، مامۆستایەکی مەهابادییە و دوای چەند ساڵێک لە بۆردومانی کیمیایی کە مامۆستای گوندی رەش هەرمی بووە، ئێستا قوربانییەکی کیمیاییە و باسی خۆی دەکات: " ئەو ساڵە مامۆستا بووم و لە خانوویەکی کۆن و تاڕادەیەک وێرانە وانەم دەوتەوە بەڵام هاندەری منداڵەکان بووم بۆ بەردەوامیدان خوێندن هەرچەندە بڕیار بوو سەرەوەی سەقفەکە دروست بکرێتەوە، لەوێ بووم و ئەو هەوایەم هەڵمژی کە کیمیایی بووبوو، دوای ماوەیەک لەناکاو هەستم بە نەخۆشی کرد و دەستم کرد بە ڕشانەوە و هەناسە تەنگ بوون، دوای ماوەیەک پێستم خورانی لێهات، یەکێک لەو ژنانی گوندەکە کە بارودۆخی منی بینی وتی مامۆستا بەخوا تۆ لێرە کیمیاویی بوویت چونکە تەنها کیمیاویەکان بەم شێوەیە دەبن، چوومە نەخۆشخانە بۆیان دەرکەوت کە بە گازی خەردەل ژەهراوی بووم، دوای چەند ساڵێک هێشتا هەناسەم تەنگە و بیر لەوە دەکەمەوە کە چ تاوانێک بەرامبەر ئەم شارە کراوە."

 

پلانی چاودێری ئاو و خاکی سەردەشت لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن کۆمەڵەی مافی بریندارانی کیمیایی سەردەشتەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و گرووپێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی دانیمارک، تەبرێز و سولەیمانی بۆ ئەنجامدانی ئەو چاودێرییە هاتنە سەردەشت، بەڵام بەهۆی نەدانی مۆڵەت بەم گرووپە لێکۆڵینەوەیە، چاودێریی تەندروستی ئاو و خاکی شاری سەردەشت دوای بۆردومانی کیمیایی نەگەیشتە هیچ شوێنێک و تا ئێستاش پرسیارێکی بێ وەڵامە، دوای ٣٦ ساڵ تا ئێستاش ڕێژەی لەناوچوونی ئەو بۆمبانە دیاری نەکراوە.

 

هەروەها وڵاتانی نێودەوڵەتی بێباکن لە کێشە و داخوازییەکانی "یەکەمین شاری قوربانی چەکی کیمیایی" و بچوکترین نموونەی ئەوەش، چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانی خەڵکی زیانلێکەوتووە، کە هیچ کەس نیە بۆئەوەی یارمەتی زیانلێکەوتووانی کیمیاییەکە بدات.