ڕێژەی بێکاری لە عێراق لە هەڵکشاندایە

لە عێراق بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری چەندین هۆکاری هەیە و نزیک دەبێتەوە ٪١٧، ڕێژەی گەشەی دانیشتوانیش لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کەمیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ ڕێژەی بێکاری زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٪١٦.٥.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئیندێکسی سپێکتاتۆر، عێراق لە پلەی سێیەمی بەرزترین ڕێژەی بێکاریدایە لە جیهان، بە سەرنجدان بەوەی کە عێراق بەرهەمهێنەرێکی بەرچاوی نەوتە و خاوەنی سامانی سروشتی بێئەندازەیە، ڕێژەی بەرزی بێکاری نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە لە ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتووان ئەنجامنەداراوە، بەهۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ.

 

ڕۆژی دووشەممە مەھدی عەلاق راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراقی خستووەتەڕوو، کە دوای پێنج ساڵ بۆیەکەمجار لە ٣٪ وە بۆ ٢.٥٪ کەمیکردووە و ئێستا تێکڕای لەدایکبوون کەمیکردووە بۆ سێ یان چوار منداڵ.

 

بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و رەنگە تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٤٣ ملیۆن کەس.