میسر... فێمینیستەکان داوای یاسای سنووردارکردن بۆ پاراستنی ژنان دەکەن

فێمینیستەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاوانبارانی توندوتیژی ئلترۆنی پێویستە سزابدرێن و ژنان پێویستیان بە پاراستنی زیاتر هەیە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- فەزای ئەلیکترۆنی کاریگەری مەترسیداری بۆسەر خێزانەکان هەیە، کە تیایدا توندوتیژی و پێشێلکارییەکان لە دژی منداڵان کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەم پرسە پێویستی بە هەنگاو و چارەسەری نوێ و کاریگەر هەیە، تا بتوانێت شوێنێکی سەلامەت بۆ کچانی گەنج دروست بکات کە هۆشیاری پاراستنی خۆیان هەبێت.

 

پیشێلکارییەکان لە ڕێگەی ئەلکترۆنییەوە لە دژی ژنانی گەنج و کچان پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەناو خێزانەکان و هۆشیاری یاسای بۆ پاراستنی کچان لەو توندوتیژییانە، چونکە سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی دامودەزگاکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، هێشتا زۆرێک لە هەردوو ڕەگەز دەبنە ئامانجی ئەو بەرنامە تاوانکارییانە.

 

گواستنەوەی ئەزموونەکان لە نێوان کچاندا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنیان

تەرنیم عاتیف، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: " بەزۆری توندویژی ئەلیکترۆنی بەسەر ئەو کچانەدا دێت کە ناتوانن کێشەکانیان بۆ کەسانی دیکە باس بکەن، چونکە دواتر کۆمەڵگا ڕەتیدەکاتەوە قبوڵیان بکات و تەنانەت کچەکە ناچار دەکات ئەوەی بەسەریدا هاتووە بیشارێتەوە و نەتوانێت لەگەڵ باوکی، براکەی یان ئەندامێکی خێزانەکەیدا باسی پێویستی یان ئارەزووەکانی بکات."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە هۆکارەکانی کەوتنە ناو تەڵەی ئەلیکترۆنی ژنانی گەنخ، مۆدێلی پەروەردەیی نادروستە کە پێی وایە ئەوەی بۆ کچ پێویستە فێربوونی شێوازەکانی ژیان، پێکهێنانی خێزان و ڕۆڵی لە ژیانی هاوسەرگیریە و حەزی لە دروستکردنی فەزای گفتوگۆ نییە لەگەڵیان، لە ئەنجامدا ژنان و کچان تەلەفزیۆن یان ئینتەرنێت دەکەنە تاکە مەیدانی فێربوون و پەناگەیەکی سەلامەت کاتێک توڕە دەبن وە هاوڕێیان لە جیهانی مەجازیدا دەبنە مرۆڤی متمانەپێکراو بۆیان."

 

لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە ژنان بوونەتە قوربانی دەستدرێژی و توندوتیژی ئەلیکترۆنی، هەندێکی تریش بەهۆی هاودەنگیی ژنانەوە لە گێڕانەوەی ئەزموونەکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەوڵیان دەدا ئاسایش و ژیانی بێدەنگیان لێ بدزێنن، توانیان بژین و ئەزموونگەلێکیان بەدەستهێنا کە توانیان خۆیان لەو کارەساتانە بەدوور بگرن.

 

لە پێوەندی لەگەڵ ئەزمونی تایبەتی خۆی، تەرنیم عاتیف باس لەوە دەکات کە هەوڵ دەدات تا دەتوانێت لە فەزای ئەلیکترۆنی دوور بکەوێتەوە، بۆیە خووی ئەوەی هەیە لە کاتی کارکردندا کامێرای کۆمپیوتەر بکوژێنێتەوە، هەروەها زۆربەی کاتەکان ئاگاداری مۆبایلەکەی دەبێت، بەتایبەتی کاتێک لە ماڵەوەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئەزموونەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ مۆبایلەکەیدا لە ئەزموونی ژنانی گەنجی دەوروبەری بەدەستهێناوە، وتی: "بۆ نموونە هاوڕێیەکم هەیە هاوپۆلەکەی توانی دەستی بەسەر وێنە تایبەتەکانیدا بگرێت و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردووە ئەگەر چاوی پێی نەکەوێت، چەند ڕۆژێک دواتر بڕیاریدا بە باوکی بڵێت و ئەویش توانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە بارودۆخانە ئەزموونی ئەو لە مامەڵەکردن لەگەڵ مۆبایل و هەروەها فەزای ئەلیکترۆنی بەگشتی قورس دەکەن، تەنانەت وای لێدەکات حەز بکات وێنەی کەسیی خۆی لە تەلەفۆندا نەهێڵێتەوە و ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ خۆی و ئاسایشی دیجیتاڵی خۆی بە گشتی بگرێتەبەر.

 

 

ئەو چارەسەرییانەی ژنان لە توندوتیژی ئەلکترۆنی دەپارێزێت

 

نەجلا عەبدول مەقسود، ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاری کۆمەڵەی ژنان و گەشەپێدان و ئەندامی دەستپێشخەریی "بار ئامان" ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا توندوتیژی ئەلیکترۆنی زۆر بەربڵاو بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە وێنەی تایبەت لە مۆبایلە کەسییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی هاککردنی تەلەفۆن بۆ ناچارکردنی ژنانی گەنج بۆ ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی بووەتە گەورەترین ئازار کە کاریگەری لەسەر زۆربەی خێزانەکان هەیە، بەتایبەتی کە مامەڵەکە بەزۆری کردەوەی سێکسی یان نائەخلاقی تێدایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هاوڕێکانی هەڕەشەی لێکراوە ئەویش چووە لای پۆلیس و دوای ماوەیەک قسەی لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەی کردووە سەبارەت بەو هەڕەشەیە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بەرامبەری، لە شوێنی کارەکەی بۆی دەرکەوت ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە هاوسەرەکەیەتی و کاتێک چووە لای خێزانەکەی بۆ ئەوەی داوای جیابوونەوە بکات، بەڕاشکاوی ڕەتیانکردەوە.

 

جەختیشی کردەوە: "کۆمەڵگە ئەو جۆرە فشارە بەسەر ژناندا دەسەپێنێت، چونکە قوربانییەکە چەواشە دەکات و تاوانباران پاساو دەداتەوە و ژنێکیش جیابووبێتەوە بە خراپ دەزانێت، بۆیە زۆرێکیان لەژێر چاودێری هاوسەرە نەخۆشەکانیاندان، هەروەها بۆ سەرکوتکردنیان، فەزای ئەلیکترۆنی خراپ بەکاردەهێنن، وەک ئەوەی بەسەر هاوڕێکەیدا هاتووە  پاڵنەرەکەی ئیرەیی و ڕقی پیاوەکە بوو لە کارەکەی و هاوکارەکانی هاوسەرەکەی."

 

نەجەلا عەبدول مەقسوود وتیشی: " چارەسەری یەکەم لە پرۆسەی توندوتیژی ئەلیکترۆنیدا بە پەرەپێدانی یاسایەکی خۆپارێزی دەزانێت کە ژنان بپارێزێت و تاوانبارانی تاوان سزا بدات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەمان تاوانەکان بکات."

 

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە زیادکردنی هۆشیاری ژنان و کچان بۆ ئەم بابەتە، چونکە زۆرێکیان ڕێگاکانی شکستپێهێنانی توندوتیژی و هەڕەشەکان بۆ سەریان نازانن، هەروەها میکانیزمی خۆپاراستنیش نازانن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: " پێویستە خێزان ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ کچەکانیان بکەنەوە سەبارەت بە زەوتکردنی ئەلیکترۆنی و فەزای سەلامەتیان بۆ دروستبکەن، دواتر لایەنی ڕێکار و یاسایی وەک ئامرازێکی پاراستن و ڕێگریکردن بۆ تاوانباران پەیڕەو بکەن، ژنانی گەنجیش لە بەرامبەر توندوتیژی و پێشلکارییە ئەلکترۆنییەکان نابێت بێدەنگ ببن."