زریان لە سیستان و بەلوچستان سەدان کەسی گەیاندە نەخۆشخانەکان

بەهۆی زریان و خۆڵبارینی توندی سیستان و بەلوچستان سەدان کەس چوونەتە ناوەندە پزیشکییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە یەکی تەمموزەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار کەس لە سیستان و بەلوچستان بەهۆی کێشەی هەناسەدان و دڵ و چاو لە ئەنجامی زریان و تۆزی وردەوە ڕوویان لە ناوەندە پزیشکییەکان کردووە.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، بەڕێوەبەری گشتیی ستافی قەیرانەکانی سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند کە لەو بەروارەی ئاماژە پێکراوە، هەزار و ٥٩ هاووڵاتی لە سیستان سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان کردووە و لەو ئامارانەشەوە، ٩١ کەس چارەسەری خێرایان بۆ ئەنجامدراوە و ١٤٥ نەخۆش بەهۆی سەختی دۆخەکەیانەوە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی توندی گەردەلوولەکە لە شارەکانی زابول، زەهک، هامۆن، هیرمەند و نیمرۆز، یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان ڕایگەیاند کە سەرەڕای گەرما و خۆڵبارین، تا ئێستا بەهۆی پچڕانی کارەبا و ئاوەوە هیچ هاوکارییەکیان نەکراوە.

 

هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاو و کارەبا لە زۆر لە ناوچەکاندا پچڕاوە، تا ئێستاش و بەرپرسان و حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک لەو ناوچانە نەگرتووەتە بەر.