کەشتیەک بە ٣٧ کۆچبەرەوە نقووم بووە و بەشێکیان ژن و منداڵن

بەم دواییە شەپۆلی کۆچبەری نایاسایی لە تونسەوە پەرەی سەندووە،  کەناراوەکانی بوونەتە گرنگترین ناوچەی پەڕینەوە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە وڵاتانی ئەفریقاوە بەرەو کەناراوەکانی ئەوروپا دەڕۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، چوار کەس لە کارەساتی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان تونس و دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا ڕزگاریان بووە، هاوکات تا ئێستا ٣٧ کۆچبەر بێسەروشوێنن.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە ڕزگاربووانی بەلەمەکە هەموویان خەڵکی ئەفریقای ژێر سەحران لە کەناری عاج و بورکینا فاسۆ و کامێرونەوە، ئێوارەی درەنگانی پێنجشەممە ٢٢ی حوزەیران گەیشتوونەتە شاری لامپێدوسا لە ئیتاڵیا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ڕزگاربووان ڕایانگەیاندووە، لە بەندەری سفاکس لە تونس بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، ٤٦ کەس لەناو بەلەمەکەدا بوون، بەڵام بەهۆی بای بەهێزەوە بەلەمەکە وەرگەڕاوە، بۆیە بەلەمێکی دیکە پێنج کەسیانی ڕزگارکردووە.

 

ڕۆژی هەینی ٢٣ی حوزەیران، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە چل کەس بێسەروشوێنن دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە دوورگەی بچووکی لامپێدوسای ئیتاڵیا نوقم بوو،بەشێکیان ژن و منداڵن.

 

بەپێی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٦ هەزار کۆچبەر، لە کۆی ١٠٥ هەزار کۆچبەر، گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوسا.

 

لامپێدوسای ئیتاڵی یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ناوەڕاست دەپەڕنەوە، لە کاتێکدا ئەمساڵ ڕێژەی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپی لە تونسەوە لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاست زیادی کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی وڵاتەکە سەرکوتکردنی کۆچبەرانی ئەفریقای ژێر سەحرای ئەنجامدا.