عێراق لە گەنمدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت
عێراق خۆبژێوی بۆ گەنم لەم وەرزەدا بەدەستهێناوە، پێشبینی دەکرێت لەم وەرزەدا بەرهەمی گەنم لە نێوان ٤ بۆ ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن بێت.
ناوەندی هەواڵ
وەزیری بازرگانی عێراق، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، عێراق خۆبژێوی لە گەنمدا بۆ ئەم وەرزە بەدەستهێناوە، چونکە دابینکردنی لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بووە، بەپێی بەیاننامەیەک کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی پێکردووە.
وەزارەتى عێراق لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزیری بازرگانی عێراق سەردانی شوێنەکانی بازاڕکردنی کردووە لە پارێزگای کەرکوک و لەگەڵ جووتیاران کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ڕێکخستنی چوونە ژوورەوەی بارهەڵگری گەنم بۆ ناو بازاڕ.
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای دەکات، پێشبینی دەکرێت لەم وەرزەدا بەرهەمی گەنم لە نێوان ٤ بۆ ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن بێت، عەباس جەبر وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە مانگی ئازاری ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم لە عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە چوار ملیۆن تۆن، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق ڕوونیشیکردەوە، زیادبوونی بەرهەمهێنان لە ئەنجامی پلانی حکومەتە بۆ چاندنی ٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە بیابانییەکان و ٢٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بازاڕی عێراق ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ٤.٢ ملیۆن تۆن هەیە بۆ بەدەستهێنانی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنمدا، بۆ مەبەستی کوالیتی، عێراق یەک ملیۆن تۆن گەنم هاوردە دەکات بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ گەنمی ناوخۆیی، کە ڕێژەی پێویستی گلوتینی تێدا نییە، بەپێی وەزارەتی بازرگانی.
عێراق لە ماوەی سێ ساڵی پێش جەنگی ئۆکرانیا لە گەنمدا خۆبژێوی بووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤.٧ ملیۆن تۆن و لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦.٢ ملیۆن تۆن و لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٤.٢ ملیۆن تۆن بەرهەم هێنراوە.
بەڵام هۆکارەکانی وەک کەمی ئاو و بیابانبوون بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەنم، کە وەرزی ڕابردوو گەیشتە نزیکەی سێ ملیۆن تۆن، ئەمەش وایکرد حکومەت گەنم هاوردە بکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە، کەمی بارانبارین لە وەرزی زستاندا، بەرچاوترین کۆسپی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی لە عێراق پێکدەهێنێت، لەوانە گەنم و برنج و جۆ.