٥٠ ساڵ بەسەر ڕۆژی جیهانی ژینگە تێپەڕی

کاریگەری بەرفراوانی پەیوەست بە کەشوهەوا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانی زەوی هەیە، ئەمەش نایەکسانی تەندروستی دروست دەکات و بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٧٢دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانی ژینگە دەستنیشان کرد، کە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم بوو بۆ ژینگەی مرۆڤ، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ٥٠ ساڵەی ڕۆژی جیهانی ژینگەبوو، کە جارێکی دیکە پابەندبوونی جیهانی بۆ پاراستنی ژینگە دووپاتکرایەوە.

 

هەرچەندە ئامانجی سەرەکی تایبەتە بە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، بەڵام بە گشتی بە ١٤ لە کۆی ١٧ ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامدا پەیوەستە، لە سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی جیهانی بێ گومان گرنگە بۆ سەر بەردەوامیی ژیانی مرۆڤ.

 

ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی WMO لە ساڵی ڕابردوودا ئەوەی خستووەتەڕوو کە هەسارەکە ١.١٥ پلەی سیلیزی گەرمتر بووە لە تێکڕای سەردەمی پێش پیشەسازی واتە ساڵانی١٨٥٠-١٩٠٠، ئەمەش وایکردووە ٨ ساڵی ڕابردوو گەرمترین بێت کە تۆمارکراوە.

 

ئاستی دەریا لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوویدا تۆماری بەرزی پێوەرەکانی مانگی دەستکرددا نزیکەی ٣.٤  ملیمەتر لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە، سەهۆڵبەندانەکان نزیکەی هەموو ساڵێک بارستەیان لەدەست داوە و دەستیان بە توانەوە کردووە لەوەتەی تۆمارەکان دەستیان پێکردووە.

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان بەشداری کردووە لە ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوای لە سەرانسەری جیهان، لەوانە شەپۆلی سەرما و گەرما، لافاو، وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوە و زریان، ئەم ڕووداوانە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بەگشتی و تەندروستی دانیشتووان بەتایبەتی هەیە.

 

پرۆسەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی کە تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی بەرهەمهێنانی ناپایەدار و بەکاربردن و دابەشکردنی سەرچاوەکانەوە بەردەوامی هەیە، خەریکە شێوازی کەشوهەوای هەسارەکەمان دەگۆڕێت.

 

چڕیی بەرگەهەوای گازە گەرمخانەییەکان ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییە لە نێوان دەردانی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانە بەردەوامەکان کە زیاتر لە ژێر کاریگەری دابەشکردنی نایەکسانی سەرچاوەکانی وڵاتاندان.

 

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر چەندین کایەی ژیانی مرۆڤ هەیە لەوانە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، دابینکردنی ئاو، نایەکسانی لە دەرفەتەکاندا، ئاوارەبوونی خەڵک، هەڕەشەی کارەساتی سروشتی.

 

لە ئاستی جیهانیدا، ٥ ملیۆن مردن پەیوەندییان بە پلەی گەرمی ناگونجاوەوە هەبووە تەنها لە ساڵێکدا، کە ٪٩.٥ی هەموو مردنەکان پێکدەهێنێت، جگە لەوەش توێژینەوەی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ١٦٪ی هەموو مردنەکان لە ئاستی جیهانیدا دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی جۆراوجۆر و هەروەها زیانێکی ئابووری ٤·٦ تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا گەیاندووە.

 

لە نێوان هەموو جۆرە پیسبوونێکدا، پیسبوونی هەوا بە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی مەترسی ژینگەیی دادەنرێت کە ساڵانە بۆ نزیکەی ٧ ملیۆن کەس دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختە.

 

سووتانی سووتەمەنی بەردینی، سووتاندنی پاشماوەی ڕەق، بڕینەوەی دارستانەکان، چالاکییە پیشەسازییەکان و چالاکییە کشتوکاڵییەکان هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات لە کۆی ١٠ کەس لە جیهاندا ٩ کەس بەرکەوتەی هەوا دەبن کە ڕێژەی پیسکەری زیاتری تێدایە.