سزادانی هاوڵاتیان بەهۆی سەرپێچیکردنی حیجابی زۆرەملێ

چوار هاووڵاتی دانیشتووی شاری قوم بە هۆکاری وەک سەرپێچیکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، سزای زیندانیکردن و سزای زیادەیان بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

چوار هاووڵاتی دانیشتووی شاری قوم لەلایەن لقی ١١٦ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی ئەم شارە بە تۆمەتی سەرپێچی لە یاساکانی حیجابی زۆرەملێ و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، سزایان بەسەردا سەپێندرا.

 

مەریەم بەنی ڕازی موتڵەق، عەبدولباقر ئەمانی، ڕەزا ڕەشیدی و محەمەد ڕەزا ڕۆستەمی زیاتر لە ١٧ مانگ زیندانیکردن و ١٤٨ قامچی و سزای تەواوکەری دیکەیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم حوکمە لە لقی ١١٦ی دادگای تاوانەکانی شاری قوم دەرچووە.

 

لەم دۆسیەیەدا عەبدولباقر ئەمانی، ڕەزا ڕەشیدی و محەممەد ڕەزا ڕۆستەمی، هەرسێکیان، لەلایەن لقی ١١٦ی دادگای تاوانەکانی شاری قوم بە سەرۆکایەتی دادوەر حسێن سوڵتانی،بە تۆمەتی "ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" سزا دراون.

 

سزای ٩١ ڕۆژ زیندانیکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەیان لە خزمەتگوزارییە حکومی و گشتیەکان بەسەردا سەپێندرا.

پێشتریش باس لەوە کرابوو کە مەریەم بەنی ڕازی موتڵەق، یەکێک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە، سزای زیاتر لە ٨ مانگ زیندانیکردن و ١٤٨ قامچی و سزای دیکەی زیادەی بەسەردا سەپێنراوە.

 

ساڵی ڕابردوو، لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، گرتەیەکی ڤیدیۆیی مەریەم بەنی ڕازی لە بانکێکی شاری قوم بەبێ "حیجابی زۆرەملێ" بڵاوکرایەوە، کە تیایدا ئەو کەسەی ڤیدیۆکە تۆمار دەکات لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای "ئاگادارکردنەوە"، مەریەم بەنی ڕازی هێشتا ڕەتیکردووەتەوە حیجاب لەبەر بکات و ستافی بانکەکەش وەک هەمیشە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش کردووە.