کۆمەڵگای مەدەنی داوای نوێنەرایەتی زیاتری ژنان لە سیاسەتدا دەکات
لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا ئەندەنوسیا ڕەوتێکی بەرزبوونەوەی نوێنەرایەتی ژنان لە کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەکە نەگەیشتووەتە ئاستی ٪٣٠.
ناوەندی هەواڵ
گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوای ژینگەیەکی لەبارتر دەکەن بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا و کەمکردنەوەی هەر چەشنە بیروباوەڕێکی کۆنەپەرستانە کە ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی ژنان بکات.
یاسای هەڵبژاردنەکان دەرگای بۆ زیادبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە سیاسەتدا کردووەتەوە، بە دیاریکردنی پشکێکی پێویست بە ڕێژەی ٪٣٠ بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە ئاستی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام توێژینەوەیەک دەریخستووە کە زۆرجار لایەنەکان ئەم مەرجانە تێدەپەڕێنن کە دەبێتە هۆی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سیستماتیک، لەبری ئەوە زۆر جار پارتە سیاسییەکان پەنا دەبەنە بەر هەڵبژاردنی ژنان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی وەک ئەندام تەنها بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان و پڕکردنەوەی کورسییەکان.
لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا ئەندەنوسیا ڕەوتێکی زیادبوونی نوێنەرایەتی ژنانی بەخۆیەوە بینیووە کە کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێناوە، بەڵام ژمارەکە تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئاستی ٪٣٠، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە تەنیا بە گەیشتن بەو ئاستە ژنان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر پرۆسەکانی داڕشتنی سیاسەت.
داتاکانی ئەم دواییەی کە لەلایەن بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی ڕۆژانەی کۆمپاس-لیتبانگ کۆکراونەتەوە دەریخستووە کە نوێنەرایەتی لە ئەنجومەن لە ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ تەنها گەیشتووەتە ٪٩ کە یەکسانە بە ٤٤ ژن، بەڵام لە ماوەی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩دا بووەتە ٪ ١٠.٧ واتە ٦٥ ژن، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ گەیشتووەتە٪ ١٧.٦ واتە ١٠٠ ژن، دواتر لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ بووەتە ٪ ١٧.٧ واتە ٩٧ ژن، لە کۆتایشدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤ بووەتە ٪٢٠.٩ واتە ١٢٠ ژن.
مامەڵەی جیاکاری لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی لەلایەن یاسادانەرانی ژنەوە ئەزموون دەکرێت و پیایدا تێدەپەڕن، بۆ نمونە ژنان لە کۆمیسیۆنی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەرپەرشتی کاروباری ناوخۆ دەکات، شوێنێکی کەمیان پێدراوە بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان بە بەراورد لەگەڵ هاوکارە پیاوەکانیان، بەتایبەتی لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر دووبارە بڕیاردان بۆ شوێنی "پاپوا" کە پارێزگایەکی نوێی وڵاتەکەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان ڕێگەیان پێنادرێت ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر لە پرسەکانی بڕیارداندا ببینن.
بیڤیتری سوسانتی، پسپۆڕی یاسای دەستووری لە قوتابخانەی یاسای ئەندەنوسیا جێنتێرا، جەختی لەسەر گرنگی و پێویستی دابینکردنی شوێن بۆ قسەکردنی ژنان کردەوە لە داڕشتنی سیاسەت، هەروەها دەبێت فەزای سیاسی بۆ ژنان دابین بکرێت، نەک تەنها لەڕووی چەندایەتی نوێنەرایەتیکراوەوە، بەڵکو لەڕووی کوالیتی ژینگەی سیاسیشەوە کە لەبار بێت بۆ بەشداریکردنی ژنان.
ڕیزکا ئەنتیکا، توێژەر لە کۆڕبەندی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی ئەندەنوسیا INFID داوای لە پارتە سیاسییەکان کرد کە دەرفەتی زیاتر پێشکەش بە ژنان بکەن بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا و لە هەمان کاتدا ڕێگەیان پێبدرێت سەرپەرشتی پارتە سیاسییەکان بکەن تا بتوانن کاریگەری لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە دروستبکەن.
سەرکردایەتیکردنی ژنان لە پارتە سیاسییەکان پێویستی بە هاندان و پشتگیریکردن هەیە، نەک تەنها لە ئۆفیسە ناوەندییەکان بەڵکو لە لقەکانی هەرێمەکانیشدا گرنگە کار بۆ زیادکردنی ڕێژەکەی بکرێت، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئەندەنوسیا زیادبوونی ژنانی بەخۆیەوە بینیوە کە پۆستە باڵاکانیان لە پۆستە گشتییەکان بەڕێوەبردووە، وەک " ڕیسماهارینی " وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و " دیان سیسوارینی " لە کەرتی تایبەتدا، ماری ئێلکا پەنگێستۆ وەک بەڕێوەبەر لە بانکی نێودەوڵەتی و "ئارمیدە ئەلیسجاهبانا" وەک جێگری سکرتێری گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمانە نموونەی ژنانی وڵاتەکەن کە توانیوییان لە بەشێک لە پۆستە باڵاکاندا ڕۆڵیان هەبێت و کاربکەن، بەڵام هێشتا ئەم ڕێژەیە وەک پێویست نیە و ژنان بەردەوامن خەباتکردن لە وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی لە دەسەڵاتی یاسادانان.