ژنانی ئەفغانستان لە مافەکانیان بێبەشدەبن

بەپێی ئاماری یونسکۆ، لە ئێستادا، ٪٨٠ کچان و ژنانی گەنجی ئەفغانی کە تەمەنی خوێندنیان هەیە کە بە گشتی ٢.٥ ملیۆن کەس دەبێت لە خوێندن بێبەشبوون

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی قەدەغەکردنەکانی تاڵیبانەوە، ملیۆنان خوێندکاری کچی ئەفغانستان زیاتر لە ساڵێکە ناتوانن بچنە قوتابخانە ناوەندییەکان و زانکۆکان، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تاڵیباندا "سەرکوتکەرترین وڵاتی جیهانە" بۆ مافەکانی ژنان.

 

تاڵیبان لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٢١ هاتنە سەر دەسەڵات، کچانی سەرووی پۆلی شەشەمی لە قوتابخانەکان قەدەغە کردووە، سەرەتا کەمیی مامۆستایان و نەبوونی قوتابخانەکان بۆ جیاکاردنەوەی خوێندکارە کوڕەکان لە کچەکان و چەند هۆکارێکی دیکەی بۆ داخستنی قوتابخانەکان خستەڕوو، ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان داوای کردنەوەی قوتابخانەکان دەکەن و دەڵێن هیچ هۆکارێکی دروست لە ئیسلامدا نییە بۆ قەدەغەکردنی قوتابخانەکان.

 

بەپێی ئاماری یونسکۆ، لە ئێستادا ٪٨٠ کچان و ژنانی گەنجی ئەفغانی کە تەمەنی خوێندنیان هەیە بە گشتی ٢.٥ ملیۆن کەس دەبێت کە لە خوێندن بێبەشبوون، بڕیاری تاڵیبان بۆ داخستنی قوتابخانەکانی کچان، دەستکەوتە بەرچاوەکانی لە خوێندنی ژنان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پێچەوانە کردەوە.

 

کاتێک تاڵیبان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ هاتە سەر دەسەڵات، لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١، خوێندنی ژنان قەدەغەکرا، لە مانگی ئەیلولدا تاڵیبان وەزارەتی کاروباری ژنانی گۆڕی بە وەزارەتی بانگەشەی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، کەلێنی ٢٠ ساڵەی نێوان دوو سەردەمی تاڵیبان بووە هۆی گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەدا و تەنها جیاوازی ئەوەیە کە ژنان لە جاران  زیاتر دەنگیان بڵندتر کردووە و بڕیارە لەسەر شەقامەکان بن و چیتر بێدەنگ نەبن، چونکە ژنان لە ساڵانی نەوەدەکاندا زیاتر بێدەنگ بوون .

 

لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە تاڵیبان زیاتر لە ٨٠  بڕیاری  دەرکردووە، کە زۆربەیان تودنکردنەوەی ڕێکارەکان بووە لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەفغانستان، بەشێک لەو بڕیارانە بریتیبووە لە داخستنی قوتابخانەکانی کچان و سنووردارکردنی ئازادی هاتوچۆی ژنان و ڕێگریکردن لە وەرگرتنی ژنان لە کارە گشتییەکان.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، تاڵیبان  بڕیارێکی  دەرکرد کە تێیدا کاری ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغەکرد،  بەپێی ئامارەکان ژنان ٪ ٣٥ بۆ  ٪٤٥ی هێزی کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە وڵاتەکەدا پێکدەهێنن، بەپێی ئامارەکانی UNHCR زیاتر لە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئەفغانی لە ساڵی ٢٠٢١دا لە وڵاتەکەیان هەڵهاتوون و بووەتە سێیەم گەورەترین ژمارەی دانیشتوانی ئاوارە لە جیهاندا.

 

نائاسایشی خۆراک لە گوند و شارەکانی ئەفغانستان لە بەرزترین ئاستدایە و بەپێی بەرنامەی جیهانی خۆراک لە هەر سێ کەس یەک کەس برسییەتی و دوو ملیۆن منداڵیش بەدخۆراکییان هەیە.