کچە خوێندکارەکانی کۆبانێ، ژەهراویبوونی کچە خوێندکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیدانە دەکەن

خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو ژنانەی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پاوانخوازی و نادادپەروەری هەڵدەستن دووپاتکردەوە.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- کچە خوێندکارەکانی زانکۆی کۆبانێ لە کانتۆنی کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووداوی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئیدانە کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران لە ڕێگەی ئەمەوە هەوڵی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی ژنان دەدات.

 

زیاتر لە ٤٠ ساڵە ڕژێمی ئێران هەموو شێوازەکانی گرتن و کوشتن و سێدارەدانی لە دژی خەڵک و بەتایبەت ژنان و کچان بەکار هێناوە، بەڵام دوای کوشتنی ئەو ژنە گەنجە کوردە بە ناوی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە، ژنان و خەڵک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە ڕاپەڕین و شۆڕشیان لە دژی دەسەڵاتکرد وە ڕاپەڕینەکەیان تا ئەمڕۆش بەردەوامە، حکومەت هەموو شێوازە دڕندانەکانی لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ڕاپەڕین و نەهێشتنی ئیرادەی ژنان.

یەکێک لە دوایین شێوازەکان کە حکومەتی ئێران دژی ژنان و کچان بەکاری هێنا، هێرشی گازی ژەهراوی بوو بۆ سەر ١٧٠ قوتابخانە و زانکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بووە هۆی ژەهراوی بوونی زیاتر لە حەوت هەزار خوێندکار و بەو هۆیەشەوە ٤ کەسیان گیانیان لەدەستدا.

 

خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ لە کانتۆنی کۆبانێ، حاڵەتەکانی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانیان ئیدانە کرد و سەبارەت بەمەش، سوڵتانە عەتۆ خوێندکار لە بەشی ئەدەبی کوردی، ڕایگەیاند، " ماوەی حەوت مانگە ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە دژی نادادپەروەری، کۆیلایەتی، پاوانخوازی و سنووردارکردنی ڕژێمی ئێران بەڕێوەدەبەن، لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بە ڕێگای جۆراوجۆر بەدوای دامرکاندنەوەی و هەروەها نەهێشتنی ئیرادە و دەسەڵاتی ژناندا دەگەڕێت."

 

سەبارەت بە ئامانجی ڕژێمی ئێران بۆ ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوونی کردەوە، "ئامانجی ڕژیمی ئێران نەهێشتنی ژنان و ئیرادەی ئەوانە، لەبەرئەوەی ژن بنچینەی کۆمەڵگەیە، بە ئازادی ژنان هەموو کۆمەڵگە ئازاد دەبێت، وەک چۆن خوێندکارە کچەکان ژەهراوی بوون بەهۆی ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لە ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا، هەروەها هەوڵدەدات خوێندکارەکان بترسێنێت و ترس و تیرۆریان لەناودا بچێنێت بەو شێوەیە کە ناتوانن بچنە دەرەوە بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان و ناڕەزایەتی ڕێکبخەن."

 

"بە گیانی شۆڕشی ١٩ تەمووز، ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت"

لای خۆیەوە، خوێندکارێکی بەشی ئەدەبی کوردی، سەوسەن شێخ بەکر، ڕایگەیاند، "ژنانی ڕۆژئاوا شۆڕشێکیان بەسەردا دێت، بە ڕۆحی ئەم شۆڕشەش ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرهەڵدەدەن، هەروەک چۆن شۆڕشی ژنان سەرکەوت، ڕاپەڕینی ژنانیش لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەردەکەوێت."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک ژنە گەنجەکانی کۆبانێ هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنین، ئەگەر ژنان لەوێ بەردەوام بن لە خۆڕاگری، ئەوا بەسەر کۆیلایەتی و نادادپەروەریدا سەردەکەون، کە ئامانج لێی سڕینەوەی بوون و ئیرادەی ژنانە، چونکە ئەو کەسەی کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات ژنانن، ڕژێمی ئێران لە ژنانی گەنج دەترسێت، بەو پێیەی مەترسییەکی گەورەی لەسەر دروست دەکات، بۆیە خوێندکارە کچەکان بە ژەهراویکردنیان دەکرێنە ئامانج."

 

"بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەموو ژنان ئازاد دەکرێن"

دلڤین ئەحمەد، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ئەدەبی کوردی، وتی: " لە کۆبانێ شاری بەرخۆدان و خەباتەوە سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ئێمەش وەک ژنانی کۆبانی و بەتایبەتی خوێندکاران، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئەو ژنانە دووپات دەکەینەوە کە لە بەرامبەر پاوانخوازی و نادادپەروەریدا لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەڵوێست دەنوێنن، کە دادپەروەرە بەرامبەر بە ژنان و لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە هەموو جیهاندا ئازاد دەکرێن."

 

دلڤین ئەحمەد دووپاتی کردەوە، "ئێمە پشتیوانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هاوکات لە بەرامبەر هەموو ڕژێمە پاوانخوازەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە پاڵیاندا دەوەستینەوە، ئەو شۆڕشەی لە ڕێبەرایەتی ژنانەوە دەستپێدەکات، بە ناچاری لە ڕێگەی خۆڕاگری و خەباتەوە سەرکەوتوو دەبێت".