ژنە زیندانییە سیاسییە ئازادکراوەکان: ئێمە هەر لەسەرەتاوە تاوانبار نەبووین

شەش ژنە زیندانی سیاسی کە بە لێبوردن لە زیندان ئازاد کران، بە بڵاوکردنەوەی لێدوانی هاوبەش، ئازادییان وەک بابەتێکی کۆمەڵ و پێکەوەیبوون دەربڕی و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئازادی ڕاستەقینەی ئەوان کاتێکە کە زیندانییەکانی دیکەش ئازاد بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

نەدا ناجی، ئامینە زەمانی، سپێدە سەلاروند، لەیلا مەنسور، نازیلا مەعروفیان و سەبا شعردۆست،  شەش زیندانی سیاسین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە لێبوردن لە زیندان ئازاد کراون، ئەم ژنانە بە بڵاوکردنەوەی لێدوانێکی هاوبەش، ئازادییان وەک بابەتێکی کۆمەڵ و پێکەوەیی دەربڕی و دەیانوت: ئازادی ڕاستەقینەی ئەوان کاتێکە کە زیندانییەکانی دیکەش ئازاد دەکرێن.

 

ئەم ژنانە لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بە ڕەوشی بەشێکی دیکە لە زیندانییەکان داوە بە ناوەکانی سەمانە ئەسغەری، ئیلاهە محەممەدی و نیلوفەر حامیدی کردووە کە زیندانی درێژخایەن هەڕەشە لە ژیانیان دەکات، هەروەها دەربارەی سەروناز ئەحمەدی ڕایانگەیاند کە یەکێکە لەو زیندانیانەی کە لێبوردن نەیگرتوەتوە و دوای ئازادکردنی بە کەفالەت سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

 

هەروەها ئەم ژنانە لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە؛ ئێمە هەر لەسەرەتاوە تاوانبار نەبووین کە داوای لێبوردن بکەین، ئێستا کە ئەم لێبووردنە جێبەجێکراوە و ئێمەش کەوتینە بەر لێبوردن، ئەم ئازادییە کۆڵی تاڵتر کردووین.