٣٠ خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە چوونە ناو زانکۆ قەدەغە کران

بەهۆی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان، چوونە ژوورەوەی ٣٠ خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بۆ زانکۆکە قەدەغە کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کەناڵی تێلێگرامی "خوێندکارانی یەکگرتوو" بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەمە، بەهۆی گردبوونەوەی خوێندکاران لەدژی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان، زیاتر لە ٣٠ خوێندکار ڕێگرییان لێکرا بچنە ناو زانکۆوە.

 

خوێندکارانی کەمپی ناوەندی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی کە ڕۆژی سێشەممە  کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ژەهراویکردنی خوێندکاران، ڕووبەڕووی توندوتیژی ئاسایشی زانکۆ بوونەوە و زۆرێک لە قوتابیان لێیان درا، هەروەها هەڕەشەی گرتن و ڕێکاری ئەمنییان لێکرا لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەوە.

 

لە نێو ئەو خوێندکارانەی کە ڕێگرییان لێکرا بچنە ژوورەوە، "هەستی ئەمیری، فریشتە تووسی، نازەنین لالە، مەریەم مەحمودی و چەند خوێندکارێکی دیکە هەبوون کە تا ئێستا ناسنامەکانیان دیار نییە.

 

ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەک خوێندکار بۆ ناو زانکۆ لە کاتێکدایە کە هیچ کام لە خوێندکارە قەدەغەکراوەکان ئاگادارییەکی فەرمی یان نامەیەکی نووسراویان پێنەگەیشتووە کە لە هاتنە ناو زانکۆ قەدەغەکراون، هەروەها ئاسایشی چوونە ژوورەوەی زانکۆش دەڵێت " لیستی ناوی ٣٠ خوێندکاریان بۆ ناردوین کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژی سێشەمە  ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو زانکۆ".

 

پێویستە بوترێت لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی"، سەدان خوێندکار لە لایەن لیژنەی زانکۆکانەوە لە چوونە ناو زانکۆ و خوێندن قەدەغەکراون، وە لە چەند حاڵەتێکدا بە هاوکاری پاسەوان و هێزە ئەمنییەکان خوێندکاران سەرکوتکران و دەستگیرکران.