بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک ٤١ کۆچبەر لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک کە کۆچبەری نایاسایی تێدابوو ٤١ کۆچبەر خنکان و چوار کەسیش ڕزگاریان بوو، لە ناویاندا ژنێک هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی "ئەنسا"ی ئیتاڵیا ئەمڕۆ ٩ی ئاب ڕایگەیاند، ٤١ کۆچبەر کە داوای مافی پەنابەرێتییان دەکرد دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە دوورگەی لامپدوسای ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت، خنکان.

 

ئاژانسەکە ئاشکرای کرد کە چوار ڕزگاربووی ڕووداوەکە کە ژنێکیان تێدایە بۆ ڕزگارکەرەکان ئاشکرایان کردووە، سواری بەلەمێک بوون کە لە شاری سفاکسی تونسەوە بەرەو  کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕۆیشتووەو لەووێ نوقم بووە.

 

هەروەها کاربەدەستانی تونس ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند تەرمی ٨ کۆچبەریان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتەکە دۆزیوەتەوە.

 

داواکاری گشتی تونس و بەرپرسی دادوەری تونسی وتی: تەرمی ٤٨ کۆچبەر لە ژووری مردنی بەشی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی زانکۆی سفاکس هەیە، چاوەڕێی تەواوبوونی ڕێوشوێنەکان دەکەن بۆ ناشتنی لە ژمارەیەک گۆڕستانی سفاکس.

 

بەگوێرەی بەرپرسێکی دادوەری تونس، کەناراوەکانی سفاکس دەروازەیەکی سەرەکی کۆچکردنە بۆ ئەوروپا، لەوێ ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لاشە بەهۆی نوقومبوونی بەلەمەکانیانەوە دەبیندرێن.

 

وەزارەتی ناوخۆی تونس ڕایگەیاند، پاسەوانانی کەناراوەکانی تونس لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەرمی ٩٠١ کۆچبەری خنکاویان لە کەناراوەکانی وڵاتەکەدا دۆزیوەتەوە.

 

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، نزیکەی ٧٥ هەزار ٦٥ کۆچبەر لە ١٤ی مانگی تەمموزدا بە بەلەم گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو کە ٣١ هەزارو ٩٣٠ کۆچبەر تونسیان جێهێشتبوو.