لێبووردنی نێودەوڵەتی: لە ساڵى ڕابردوودا دوو هەزار و ٧٠٧ کەس لە سێدارەدراون
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوى کردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢٥ لە جیهاندا لە سێدارە دراون گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دواى ساڵی ١٩٨١ـەوە، کە لە ١٧ وڵاتدا دوو هەزار و ٧٠٧ کەس لە سێدارە دراون.
ناوەندی هەواڵ
ئاگنێس کالامارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ژمارەى ئەو کەسانەی لە ساڵی ڕابردوودا لە جیهاندا لە سێدارەدراون، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ساڵى ڕابردوودا دوو هەزار و ٧٠٧ کەس لە جیهاندا لە سێدارەدراون، ئەم بەرزبوونەوەیە مەترسیدارە بۆ گرووپێکی بچووک و دابڕاو لە وڵاتان دەگەڕێتەوە کە درێغی ناکەن لە ئەنجامدانی لەسێدارەدان بە هەر نرخێک بێت، سەرەڕای پەرەسەندنی ڕەوتی جیهانی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترینیان چین، ئێران، کۆریای باکوور، سعوودیە، یەمەن، کوێت، سەنگافوورە و ئەمریکا، ئەو وڵاتانەن سزای لەسێدارەدان وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و نیشاندانی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە دژی گرووپە لاوازەکان و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان.
باسی لەوەشکرد، ئێران بە تەنیا لانی کەم دوو هەزار و ١٥٩ کەسی لە سێدارە داوە، کە زیاترە لە دوو هێندە زیاتر لەو ژمارەیەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمار کراوە، هەروەها چینی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە “سەرۆکی جەلادی جیهانە”، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەزاران لەسێدارەدان لەوێ لە ماوەی ٢٠٢٥دا ڕوویداوە.
هەروەها ئامارەکانى ڕێکخراوەکە تیشک دەخاتە سەر سعوودیە بە لانی کەمەوە ٣٥٦ حاڵەتی لەسێدارەدان کە زۆربەیان بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، ئەمریکا ٤٧ حاڵەت و میسر ٢٣ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە، هەروەها کۆی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٧٨٪ زیادی کردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان بەشدارییان کردووە لە زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان، ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەزار و ٢٥٧ حاڵەت یان ٤٦٪ـی هەموو لەسێدارەدانەکانی ڕاپۆرتکراو پەیوەندییان بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە.
کالامارد لە کۆتاییدا وتی: ملیۆنان کەس بەردەوامن لە هەوڵدان دژی سزای لەسێدارەدان وەک بەڵگەیەک بۆ مرۆڤایەتی هاوبەشمان، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکە ئەگەری هەیە، ئەگەر هەمووان بە توندی دژی ئەو کەمینە گۆشەگیرانە بوەستین، پێویستە بۆ هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەى سزاکە تێبکۆشین، تا جیهان لەو سزایە ڕزگاری دەبێت.