ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە ڕەوشی سودان
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستی دەکاتەوە کە پێشێلکاران لە سودان بە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" دادگایی دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ- ناکۆکییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" بۆ ماوەی نزیکەی ٦ مانگ بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لە بارودۆخێکی مرۆیی خراپدا بژین و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری بوونەتەوە.
دۆناتێلا ڕۆڤەرا، ڕاوێژکاری باڵای وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەم وتی: ڕێکخراوەکە چاودێری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کردووە لە سودان و پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو لایەنەکانی شەڕی سودان پێشێلکارییەکی گەورەیان ئەنجامداوە، کە هەندێکیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، لەوانە بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و هێرشی بێ جیاوازی کە هەزاران کەس دەکوژێت و بریندار دەکات.