"لابردنی داروپەردووی بیناکان پێویستە بە شێوەیەکی زانستی و ژینگەیی چارەسەر بکرێت"

مەلیس تانتان، لە هاوپەیمانی دادوەری ئاماژەی بەوەدا کەلابردن و ڕژاندنی داروپەردوو بۆ ناو ڕووبارەکان تاوانێکە و پێویستە چارەسەرێکی زانستی و ژینگەیی بدۆزرێتەوە بۆ ڕێگرتن لەو مەترسیانەی کە بەهۆیەوە دروست بووە.

سەمسور

 

لە سەمسور دوای بوومەلەرزەکە هەزاران بینا ڕووخاون، نزیکەی دوو هەفەتەیە داروپەردووی بیناکان لادەبرێن، کاری لابردن و پاککردنەوە بەردەوام دەبێت بۆ ئەو بینایانەی کە گەڕان تێیاندا تەواو بووەو وتراوە کە دوو بۆ سێ جار پشکنینیان بۆ کراوە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک بۆ ئەو تۆزو خۆڵە نەگیراوەتەبەر کە لەکاتی لابردنی داروپەردووەکاندا دێتەدەرەوە.

 

ئەو داروپەردووانەی کە لادەبرێن دەیڕژێننە ناو ڕووبارەوەو دەوروبەری ڕووبارەکە پڕە لە پاشماوە و بارهەڵگرەکان هەموو سێ خولەکێک پاشماوە دەڕێژن و هێشتا سەدان بینا لەو شارەدا هەن کە پێویستە پاکبکرێنەوەو لاببرێن.

 

"تاوان ئەنجام دەدەن"

مەلیس تانتان لە هاوپەیمانی دادوەری کەبۆ بینینی لادانی داروپەردوو هەروەها ئەو شوێنەی کە داروپەردووەکەی تێدا فرێدەدرێت چووتە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کەسانەی داروپەردووەکە دەخەنە دەوروبەری ڕووبارەکەن تاوان ئەنجام دەدەن و ئەم دۆخە بۆ هاوڵاتیان و ژینگە زۆر مەترسیدارەو وتی: "لە سەمسور، وێرانەکان زۆر بە خێرایی لابران، بەداخه وه لەناو داروپەردووەکاندا لاشەی مرۆڤیش کۆکرانەوە ئەوەی دەیبینین تاوانە، بۆیە دەیانویست بە زووترین کات بەڵگەی تاوانەکە لەناوبەرن بۆیە بە خێرایی هەموویانیان لە شوێنە نزیکەکان ڕژاند".

 

"ماددە کیمیاییەکان دەچنە ناو ئاو و خاک و هەواوە"

مەلیس تانتان، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو شوێنەی داروپەردووەکەی تی دەڕژێنن بەنداوی کاراکایە و ئاوی خواردنەوەیە بۆ چەندین شار و وتیشی: "ماوەی چەند ڕۆژێکە هەموو داروپەردووەکان لە دەوروبەری ئەم ڕووبارە دەڕژێنن کە بەنداوی کاراکایە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە بۆ زۆرێک لەشارە ناوخۆییەکان، زۆر ماددەی کیمیایی وەک ئەسبستۆس کە لە بینا ڕووخاوانەدا هەن دەچنە ناو ئاو و خاک و هەواوە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر حاڵەتی مەترسیداری لێبکەوێتەوە".

 

"ئەوانەی بەرپرسن لەم بارەیەوە تاوان ئەنجام دەدەن"

مەلیس تانتان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دۆخە نەک تەنها بۆ سەمسور مەترسیدارە بەڵکو مەترسیشە بۆ سەر تەندروستی لە تەواوی هەرێمەکەدا، وتیشی: "بەپێی رێنمایی پاشەڕۆکان، دەبوایە پێشتر ئەم شوێنە دیاری بکرایە، بۆیە بەرپرسیارانی ئەم کارە تاوان ئەنجام دەدەن هاوکات بە باشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن و تاوانی گەورەیان بەرامبەر بە تەندروستی مرۆڤ و دژی سروشت ئەنجام اوە".

 

"دەبێت چارەسەرێک لەسەر بنەمای زانست و ژینگەیی بدۆزنەوە"

مەلیس تانتان داوای چارەسەری کرد بۆ فڕێدانی داروپەردووەکان بەپێی زانست و ژینگەناسی بۆ ئەوەی ئەم هەڕەشەیە زیاد نەکات و وتی: "پێویستە شوێنەکانی ڕووبار و ناوچە سروشتییەکان بپارێزرێن ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، ئێمە ناتوانین ڕێگە لە وێرانکاریی گەورە بگرین بەرامبەر سروشت، ئەمە مەترسی گەورە دروست دەکات، ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت، ئەوا سبەینێ ناتوانین هیچ کارێک بکەین".