لە ڕۆژی سێیەمدا فێستیڤاڵی شەهید ڕۆناهی پەیامی کولتوور و ناسنامە دەگەیەنێت

ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵی شەهید ڕۆناهی باوەر وتی: داواکارین ئەم فێستیڤاڵە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەببەئن، داوا لە گەنجان دەکەین بەشداری چالاکییە کولتووریەکان بکەن بۆ پاراستنی کولتوورەکەیان لە لەناوچوون.

زەینەب عیسا

 

قامێشلۆ- نمایشە فۆلکلۆرییەکانی دابکە لە فێستیڤاڵی شەهید ڕۆناهی، چیرۆکی کولتووری ڕەسەنی میراسی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان گەیاند، کە سەکۆیەکی ناوازەیان بۆ ئاڵوگۆڕی کولتوور و میراسی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان و زیندووکردنەوەی مێژوو و هەستی گەلان لە ڕێگەی هەڵپەڕکێ دابین کرد.

 

تەڤگەری فەرهەنگ و هونەری دیموکراتی مۆزپۆتامیا بە دروشمی "هەموو هەڵپەڕکێیەک چیرۆکە، هەموو چیرۆکێکیش مێژووە"، بە هاوکاری تەڤگەری هیلالی زێڕین، حەوتەمین فێستیڤاڵی فۆلکلۆری دابکەی شەهید ڕۆناهی باوەریان لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلوول لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سازکرد، کە ٢٣ گروپ بە نوێنەرایەتی پێکهاتە هەمەچەشنەکان "کورد، عەرەب، سریانی، و ئەرمەنی" لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەرێمی کوردستان بەشداریان کرد.

 

مریەم حەسەن، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری، ڕایگەیاند، کە فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی فۆلکلۆری شەهید ڕۆناهی باوەر بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ لە شاری ڕمیلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد،  پێشتر فێستیڤاڵەکە دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچوو و ئەمەش حەوتەمین خولی فێستیڤاڵە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لیژنەکە زۆر حەزی لە دڵنیابوونە لەوەی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ جیاواز و ناوازە بێت، هەروەها گروپی جۆراوجۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەرێمی کوردستان بانگهێشت کران و هەموو گروپێک دەرفەتی ئەوەیان پێدرا کە کولتووری ناوازەی خۆیان پێشکەش بکەن و لەگەڵ بینەرانی فێستیڤاڵەکەدا بەشداری بکەن.

 

"٢٣ گروپ تیشک دەخەنە سەر کولتوور و میراسی هەرێمەکە"

مریەم حەسەن، وردەکارییەکانی بەرنامەی فێستیڤاڵی شەهید ڕۆناهی وردتر کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە سێ ڕۆژی لەسەریەک درێژەی کێشاوە، وتیشی: لە ڕۆژی یەکەمدا حەوت گروپ نمایشی دابکەی نەریتییان پێشکەش کرد کە نوێنەرایەتی فرەچەشنی کولتووری شار و نەتەوە جیاوازەکانیان کرد، لەنێویاندا گروپی ئەرمەنی، جگە لە گروپەکانی ڕەققە، دهۆک، کۆبانێ عامودا و گروپێکی عەفرینی لە حەلەبەوە بەشداریان کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە رۆژی دووەم بەشداری ١١ گروپی بەخۆیەوە بینی، هاوکات بڕیارە لە ڕۆژی سێیەمدا پێنج گروپی دیکە بەشداری بکەن، لەگەڵ نوێنەرایەتی شار و نەتەوە جیاوازەکان، دووپاتیشی کردەوە، کە ئامادەکاری بۆ ئەم بەرنامەیە پێویستی بە سێ مانگ کاری بەردەوام و هەوڵی چڕوپڕی هەبوو، هەروەها لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا خەڵات دابەش دەکرێت.

 

"ئێمە دەمانەوێت کولتوورەکانی یەکتر بناسین"

مریەم حەسەن ئاماژەی بە ئاڵەنگاریەکانی ئامادەکاری کرد، وتی: ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵەکە ئاسان نەبوو، لە کۆکردنەوەی گروپەکان و ئەندامەکانیان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بووینەوە، زۆرجار ژمارەی ئەندامان تەواو نەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان توانیمان مەشق و خوڵی پەروەردری بۆ گروپەکان ڕێکبخەین.

 

تیشکی خستە سەر خواستەکانیان بۆ فێستیڤاڵی شەهیدە ڕۆناهی، وتی: ئامانجمانە فێستیڤاڵی شەهیدە ڕۆناهی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەببەین، بە بەشداری گروپەکانی شارە جیاجیاکانی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین فێری کولتوورەکانیان بین و فێستیڤاڵەکە بکەینە سەکۆیەک کە ڕۆحی کولتووری کوردی یەکبخات.

 

مریەم حەسەن، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەنجان کرد بەشداری چالاکییە کولتوورییەکان بکەن: کە بۆ پاراستن و فێربوون لە کولتووری پێویستە بەشداری لە هەموو بۆنە کولتوورییەکان بکەن.