لە ڕۆژی کرێکاراندا داوای ژنانی کۆچبەر گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆیان

ژنانی کۆچبەر لە شاری سەرێکانی ڕۆژی جیهانی کرێکارانیان لە هەموو ژنان پیرۆز کردو داوایان کرد بەبێ هیچ مەترسییەک بگەڕێنەوە بۆ شار و گوندەکانیان و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خاکەکان بەجێبهێڵێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکارانە، ژنانی کۆچبەری سەرێکانی داگیرکراو کە لە ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، ڕۆژی جیهانی کرێکارانیان لە هەموو ژنان پیرۆز کردو داوای گەڕانەوەیان کرد، ژنان ڕایانگەیاند کە دەبێت دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خاکەکیان بەجێبهێڵێت.

 

"ژنان لە ڕێگەی چەندین پڕۆسە و ڕووداوەوە تێکۆشانی هەبوونیان بەردەوامی پیدا"

سەنا حەمود لە شاری سەرێکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانی لە هەموو ژنانی کرێکار و کۆچبەر پیرۆزکردو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نەوەستاین  بەردەوام بووین لە خەبات و تێکۆشانمان، ژنان دەتوانن لە سەختترین پرۆسەکاندا تێنکۆشن و سەرکەوتوو بن. بێگومان ئەمە بە سایەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، هەروەها لە مەیدانی جەنگەکاندا ژنان دەتوانن سەرکەوتن مسۆگەر بکەن دژی داگیرکەران، ژنان بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر گەمارۆ و قەیرانی ئابووری لە ناوچەکەدا، کە سەرەتا کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، لە ١ی ئایاردا پیرۆزبایی لە ژنانی کرێکار دەکەین لە کێڵگەکان و کارگەکان و ئەو ژنانەی کە لە مەیدانی جەنگدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و زانا. یەکێک لە مافەکانمان ئەوەیە داوای ئەوە بکەین کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا بهێندرێت لە هەرێمەکانی سەرێکانی و عەفرین و گرێ سپی، ئێمەی ژنان ناتوانین بە هەبوونی دەوڵەتی تورکیا بە ئازادی و ئاشتییانە لەسەر خاکەکەمان بژین، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دەکەین کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا بهێنن لە هەمان کاتدا هیوادارین کە ١ی ئایار کۆتایی داگیرکاری بێت.

 

"کرێکارانی سەرەکی لە هەرێمەکە ژنن"

نادیا مستۆ، خەڵکی گوندی ئەریشا لە سەرێکانی، ڕۆژی جیهانی کرێکارانی لە ژنانی کرێکار پیرۆز کرد کە باری پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیان گرتووەتە ئەستۆ و وتی: ژنان کرێکاری مەزنی ئەم وڵاتەن، ئەو شەڕ و ناکۆکی و قەیرانانەی کە کاریگەرییان لەسەر دەروونیان هەیە، بەتایبەتی لە کۆچکردن لە خاکەوە، جێهێشتنی ماڵەکانیان، کێڵگەکان، درەختەکان، هەموو کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان و یادەوەرییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان هەیە، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە منداڵەکانیان یان هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە.

 

"لێدوانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژنانی هەرێم بەس نییە"

نەدیا میستۆ تیشکی خستە سەر ڕاپۆرت و لێدوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە پێشێلکردنی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا و وتی: لێدوانەکان بەس نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنانی کۆچبەر و گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناوچە داگیرکراوەکانیان، چونکە هیچ گۆڕانێک نییە و هیچ شتێک ڕوونادات، بۆیە داوا دەکەین کە یارمەتی ژنان بدەن و تورکیای داگیرکەر لە خاکەکەمان لاببەن، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ژنان دروست بکرێت، لەم بۆنەیەدا داوا لە هەموو ژنان دەکەم کە بەردەوام بن لە داواکردنی مافەکانیان و دەستگرتن بە مافەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی دیکە لە ژینگەیەکی ئاشتیخوازانە لە شارەکانمان دەست پێ بکەینەوە و دوور لە داگیرکاری بژین.