لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک زیندانی کرا
ژنێکی کورد بە ناوی بەفرین مەعرووفی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ئاشکرای کرد؛ دوێنی ٢٥ی ئایار ژنێکی کورد بە ناوی بەفرین مەعرووفی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.
سەرچاوەکە لە دێژەدا دەڵێت: "پێشتر بەفرین مەعرووفی لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانەكانی بۆكان سزای چوار مانگ و حەوت ڕۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، هۆکاری سەپاندنی سزا بەسەریشیدا دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕی سیاسیی بۆ لایەنێکی کوردی.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەفرین مەعرووفی لە ماڵەكەی خۆی و بە بێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە، دواتر لە ١٥ـی شووباتی ئەمساڵدا و دوای ١٦ ڕۆژ دەستگیرکردنی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.