لە ئەستەنبوڵ ١١ کەس بە بیانووی هەڵپەڕکێی کوردی دەستگیرکران
لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا کە لە شوێنە جیاوازەکانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ١٨ کەس بەهۆی گۆرانی کوردیەوە دەستبەسەر کران، ١١ کەسیان دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٧ی تەمووز لە ناحیەی باغجیلار، ئەسەنیورت، سوڵتانغازی و غازیئۆسمانپاشای ئەستەنبوڵ لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا ١٨ کەس دەستبەسەر کران.
بیانووی دەستبەسەر کردنی ئەو ١٨ کەسە بەهۆی وتنەوەی گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ لە ئاهەنگی هاوسەرگیری لە ڕۆژە جیاوازەکاندا بووە.
ئەو هاووڵاتیانەی لە بەشی پۆلیسی ئەستەنبوڵ دەستبەسەر کرابوون، دوای ئەوەی لە داواکاری گشتی وتەیان دا، بە ئیدعای "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوەکە" و بە داوای دەستگیرکردن ڕەوانەی دادگا کران، دوای لێدوانەکانی دادگا، ٧ کەس بە مەرجی کۆنترۆڵکردنی دادوەری ئازادکران و ١١ شیان بە هەمان داواکاری دەستگیرکران.
ئەوە لە کاتێکدایە هەر دوێنێ ٦ ژنی گەنج کە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا هەلپەڕیون و دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنیان بڵاوکردەوە، لە هێرشە ڕەگەزپەرستەکاندا کرانە ئامانج و لە شاری سێرت لە هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەستبەسەرکران.