لە ئێران لە ماوەی سێ مانگدا ١٣ هەزار ژن ڕووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران، لە نێوان ٢١ی ئادار تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، ١٣ هەزار و ٣٤٧ ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی بوون.

ناوەندی هەواڵ 

 

داتاکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری کە لە دوا ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی ناوەندی ئاماریی ئێران هاتوون، ئاشکرا کران. بەپێی داتاکان، لە نێوان ٢١ی ئادار تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، بە گشتی ١٣ هەزار و ٣٤٧ پشکنین سەبارەت بە ژنانی زیانبەرکەوتوو تۆمار کراون.

 

ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ٩ هەزار و ٨١٣ پشکنین کە لە نێوان ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦ تۆمار کرابوون، نیشانەی زیادبوونێکی نزیکەی ٣٦٪ دەدات. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، کەمبوونەوەیەک تۆمار کراوە. ژمارەی پشکنینەکان کە لە نێوان ٢١ی ئادار تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا ١٤ هەزار و ١٣١ بوو، لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٥.٥٪ کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٣ هەزار و ٣٤٧.

 

لە ژمارەی پشکنینەکانی ئەو ژنانەی  توندوتیژیی دەروونییان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە بەرامبەر کراوە گۆڕانکاری ڕوویداوە. ژمارەی پشکنینەکان کە لە نێوان ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦دا ١٩ بوو، لە نێوان ٢١ی ئادار تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا گەیشتە ٣٠. لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەم ژمارەیە ٣٩ تۆمار کرابوو.

 

ڕێژەکانی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی

داتاکانی ساڵانەی ناوەندی ئاماریی ئێرانیش ژمارەی پشکنینە پەیوەندیدارەکان بە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی ئاشکرا دەکەن. بەپێی ئەم داتایانە، ژمارەی پشکنینەکانی ژنان بەهۆی توندوتیژیی جەستەیی لە نێوان ٢١ی ئاداری ٢٠٢٥ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦ لە دامەزراوەی پزیشکی دادوەریدا، ٥١ هەزار و ٩٨٢ بووە. ئەم ژمارەیە لە نێوان ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٤ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا ٦٠ هەزار و ١٩٧ بووە.

 

هەروەها ژمارەی پشکنینە پەیوەندیدارەکان بە توندوتیژیی دەروونی کە لە ماوەی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٤ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا ٨٥ پشکنین بووە، لە ماوەی ٢١ی ئاداری ٢٠٢٥ تا ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە ١١٤ پشکنین.

 

ژمارەی پشکنینەکان هەموو ژنانی توندوتیژی بەرامبەر کراو ناگرێتەوە

ئەم ژمارانە تەنها ژمارەی ئەو پشکنینانە دەردەخەن کە لە ناوەندەکانی دامەزراوەی پزیشکی دادوەری تۆمار کراون، نەک ژمارەی هەموو ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. ئەم داتایانە هەموو لایەنەکانی توندوتیژیی ناو خێزان ناگرنەوە. ئەو ژنانەش کە بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە سەردانی دامەزراوەی پزیشکی دادوەری بکەن، لە ئامارەکاندا دیار نین.