لە ئەمساڵدا ٢٦ ژن لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون

لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی ٨٨٣ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە ٢٦ لەوانە ژنن، ٢٠٧ کەسی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەرانا کە لە کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران پێکهاتووە، ئاماری لەسێدارەدانی هاوڵاتیانی لە ماوەی ئەمساڵدا لە ئێران بڵاوکردەوەو ئاشکرای کردووە، لە ماوەی ئەمساڵدا ٨٨٣ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە ٢٦ لەوانە ژنن و پێنج کەسیان تەمەنیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بووە، هەروەها بەراورد بە ساڵی ڕابردوو حاڵەتی لە سێدارەدان بە ڕێژەی ٣٣.٥٪ زیادی کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە جێبەجێکردنی سزاکە، ٢٠٧ کەسی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزاکە بۆ ٥٤ کەس پەسەند کراوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون لە ٥١.٨٧٪ یان بە تۆمەتی “ماددە هۆشبەرەکان”و  ٤٠.٥٤٪ “بە کوشتنی بە ئەنقەست” تۆمەتبار کراون.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٣٤ کەس لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارەدران.