لە ئەمریکای لاتینەوە بە چالاکی پشتگیری شۆڕشی ژنانی کوردستان کرا
بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ژنانی زۆربەی شارەکانی ئەمریکای لاتین چوونە شەقامەکان و دژی هێرشەکانی سەر شۆڕشی ژنان و کوردستان دەنگیان بەرزکردەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ژنانی زۆربەی شارەکانی ئەمریکای لاتین چوونە شەقامەکان و دژی هێرشەکانی سەر شۆڕشی ژنان و کوردستان دەنگیان بەرزکردەوە.
لە ڕێپێوانەکانی شارەکانی بوینس ئایرس و لا پلاتای ئەرجەنتین، شارەکانی بۆگاتا و مەدەلینی کۆڵۆمبیا، هەرێمەکانی سانتیاگۆ و ڤنیا دێل مار لە شیلی، مۆنتێڤیدۆی پایتەختی ئۆرۆگوا و شاری سان کرستۆباڵی مەکسیک، بڵاوکراوە کە لە لایەن بزووتنەوەی ژنانی کوردستانەوە ئامادەکرابوون لە ناو جەماوەردا بڵاو کردەوە.
هەروەها لە شاری بۆگاتا پایتەختی کۆڵۆمبیا، بەناونیشانی 'ڕەنگی شۆڕشی ژنانی کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان لە هەموو جیهان' لە هەردوو زانکۆی بۆگاتا و گەڕەکی سان کرستوباڵ سیمینار ڕێکخرا.
لە شاری سان کرستوباڵی مەکسیک بۆ هۆشیاری و زانیاری زیاتر خێمە دانرا و بابەتی پەیوەندیدار بە شۆڕشی ژنانی کوردستان لەناو جەماوەردا بڵاو کرایەوە.
هەروەها لە شیلی سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک سیمینار بەڕێوەچوو و هاوکات لە سەر بەرخۆدانی ژنان و شێوازی بەڕێکخستنی ژنان گفتوگۆ کرا.