لە یەمەن زیاتر لە ١٠هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمار کراوە

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا و تای خوێنبەربوون و سورێژە تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بارودۆخی ناسەقامگیری ئەمنی لە یەمەن بووەتە هۆی وێرانبوونی دامەزراوە تەندروستییەکان و نەبوونی دەرمان و چاودێری، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لەو وڵاتە، بەتایبەتی لەناو منداڵان و کەسانی بەتەمەندا.

 

 ئامارێکی ئەم دواییە کە ٢٣ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠ هەزار و ٥١٠ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا و تای خوێنبەربوون و سورێژە تۆمارکراون، ئەمە جگە لەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ٥٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن هەبووە.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی کە بڵاویکردووەتەوە، ٦ هەزار و ٦٨٢ حاڵەتی گومانلێکراوی سکچوونی ئاوی توند و کۆلێرا پشتڕاست دەکەنەوە، کە ٧٨١ حاڵەتیان بە پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستکراونەتەوە.

 

هەروەها لە تەعز چاودێری حاڵەتە گومانلێکراوەکانی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە کراون، کە ژمارەکە گەیشتووەتە هەزار و ٢٨٦ حاڵەت، ٨یان گیانیان لەدەستداوە.