لە ئەفریقا هەوڵ دەدرێت ڕووبەڕووی ئاوڵەی مەیمون ببنەوە

ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای تەرخانكردنی بڕی ١٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دەكات، بە مەبەستى ڕووبەڕووبوونەوە و پێشكەشكردنی هاوكاری بەپەلە بۆ تووشبووانی ئاوڵەی مەیمون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە داواكارییەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشكەشكردنی هاوكاری بەپەلە بۆ تووشبووانی ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشكەشكردنی هاوكاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییە بەپەلەكان بۆ تووشبووانی ئاوڵەی مەیمون لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا پێویستیان بە ١٨ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار هەیە.

 

ئاوارەكان و كامپەكان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكەیان لەسەرە، ڕێكخراوەكە نیگەرانی خۆی لەبارەی كۆچبەران، ئاوارەكان و دانیشتوانی زۆر لە ناوچەیەكی بچوك دەردەبڕێت، كە بەهۆی بارودۆخی ژیانیانەوە ڕووبەڕووی مەترسی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییەكە دەبنەوە، ئەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە پێداویستییە پزیشكییەكان سنووردار دەکات، هەروەها ڤاكسینەكانی ئەم ڤایرۆسە سنووردارن.

 

پلانی ڕێكخراوەكە ئامانجی دڵنیابوونە لە ئامادەكاری و وەڵامدانەوەی تایبەتی بۆ نەخۆشییەكە، هەروەها هەفتەی ڕابردوو، تێدرۆس ئەدناهۆم، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقا، باری نائاسایی تەندرووستی ڕادەگەیەنن.